فەرماندەیەکی پێشمەرگە: دەنگی (نەخێر) پاساو دەداتە دەست دوژمنانی پێشمەرگە

 فەرماندەیەکی پێشمەرگە: دەنگی (نەخێر) پاساو دەداتە دەست دوژمنانی پێشمەرگە
جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە باسی لە زیانەکانی دەنگی (نەخێر) لە ڕیفراندۆم بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوانەی بانگەشە بۆ ئەو بژاردەیە دەکەن، ئەوە دەزانن کە ئەو دەنگە پاساو دەداتە دەست دوژمنانی پێشمەرگە.

پاش ئەوەی شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی کۆمپانیای (نالیا)، بە فەرمی هەڵمەتی (نەخێر)ی دژی سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەیاند کە تێیدا فەرهاد سەنگاوی، پەرلەمانتاری یەکێتی و ڕابوون مەعرووف، پەرلەمانتاری گۆڕان، لەگەڵ چەند کەسێک بەشدارن. داوایان لە خەڵکی کوردستان کرد، بە (نەخێر) دەنگ بە ڕیفراندۆم بدەن.

لە بەرامبەردا سالاری محەمەد جەباری، سوپاسالاری پێشمەرگە، ڕایگەیاند، ئەوان لەوە دڵنیان کە زۆرینەی هەرە زۆری گەلی کوردستان بە (بەڵێ) دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان دەدەن و پێشمەرگەش ”لە پێش خەڵکی دیکە، پشتیوانی لە سەربەخۆیی دەکات“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”پێویستە خەڵکی کوردستان بزانێ کە دەنگی (نەخێر) بۆ پێشمەرگە زۆر مەترسیدارە، دوور نییە بە چاساوی نەخێر، کاری زۆر خراپ بەرامبەر پێشمەرگە بکرێت، ئەوکاتە دەڵێن ئەوەتا گەلەکەی خۆتان لەگەڵتاندا نییە“.

نیگەرانیی خۆشی لەوە دەربڕی کە پێشمەرگە سەرقاڵی پاراستنی خاکی کوردستانە و سنوورەکان دەپارێزێت، کەچی ”خەڵکانێک لەناوخۆی کوردستان بانگەشە بۆ شتێک دەکەن کە بۆ پێشمەرگە مەترسیدارە".

دووپاتیشی کردەوە: ”ئەوانەی بانگەشەی (نەخێر) دەکەن، ئەوە دەزانن کە بەو (نەخێر)ە پاساو دەداتە دەست دوژمنانی کوردستان و پێشمەرگە“.












باسنیوز
Top