بارزانی: گەلی کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی داوە نەک حزب و لایەنێک
مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ زانایانی ئایینی ئیسلامی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ریفراندۆم تەنھا بۆ گەلی کورد نییە و بۆ تەواوی پێکھاتە نەتەوەییەکانی کوردستانە.
مەسعود بارزانی، لەو کۆبوونەوەیەدا، کە رۆژی چوارشەممە 9\8\2017 لە شاری ھەولێر ئەنجام درا، رایگەیاند، عێراق شکستی ھێناوە لەوەی بتوانێت کوردستان وەکو ھاوبەشێکی راستەقینە قەبووڵ بکات و زیاتر لە 4500 گوندی وێران کرد، وێڕای پرۆسەی تەعریبکردن، گەلی کوردی ئەنفال کرد و بە چەکی کیمیاویش چەند ناوچەیەکی کوردستانی بۆردومان کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بارەی پێشێلکردنی دەستووری عێراقیشەوە روونی کردەوە، لە دوای 2003، حکوومەتی عێراق نزیکەی 55 ماددەی دەستووری عێراقی پێشێل کردووە، کە زۆرینەی گەلی عێراق دەنگی پێداوە، ھاوکات هەردوو پێکهاتەی عەرەبی سووننەمەزهەب و گەلی کوردستانیش پەراوێز خران.
مەسعود بارزانی دووپاتیشی کردەوە، کورد ھەوڵی زۆریداوە بۆ ئەوەی وڵاتێکی فیدرالی لە عێراق بنیات بنرێت و لە 2004 رێژەی کورد لە سوپای عێراق 40% بوو، بەڵام ئێستا ئەو رێژەیە سفرە.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەش کرد، چەند جارێک رایانگەیاندووە، ئەگەر عێراق لە پێشێلکردنی دەستوور بەردەوام بێت، ئەوا ھەرێمی کوردستان بەشێک نابێت لە عێراق.
بارزانی باسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی کرد و سەبارەت بەوانەی دەڵێن کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی گونجاو نییە، رایگەیاند، با ئەوان پێشنیازی کاتێکی گونجاو بکەن و بەدیلەکانییان بخەنەڕوو.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، ئەگەر ئەوانەی داوای دواخستنی ریفراندۆم دەکەن و ھیچ بەدیل و ئەڵتەرناتیڤێکی بەھێزتریان نییە، با داوای دواخستنی ریفراندۆم نەکەن، چونکە ئێمە دوای ناخەین.
مەسعود بارزانی داوای لە مامۆستایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان کرد خەڵک تێبگەیەنن و پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بۆ موسڵمانان روون بکەنەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، کە تەنیا وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە کۆبوونەوەی 7\6\2017 راگەیەندراوە، ئەگینا بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ”ھی ئەو ڕۆژە نەبووە“، ھەموو لایەنەکان چەندین ساڵە باسی ئەو بابەتە دەکەن و ھەموویان لەسەری کۆک بوون.
مەسعود بارزانی رەتی کردەوە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان هی حزبێک یان تاکە کەسێک بێ و رایگەیاند، ”ڕیفراندۆم هی ھەموو گەلی کوردستانە و ئەوانەی ئەو بڕیارەیان دا، سەروەرییەکی گەورەیان بۆ خۆیان و کوردستانیش تۆمار کرد. ھەموویان بەیەکەوە بوون و لە ھەموو کوردستانیش بوون“.
بارزانی لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان هەروەها رایگەیاند، کە لە 1925 خەڵکی کوردستان لە ڕاپرسیی کۆمەڵەی گەلانda بڕیاری دا لەگەڵ عێراق بێت، بە مەرجێک ھاوبەش بن لەم وڵاتەدا.
باسنيوز
