کوڕی پێشەوا قازی محەمەد: یەکڕیزی و تەبایی ڕەمزی سەرکەوتنی ڕیفراندۆمە

کوڕی پێشەوا قازی محەمەد: یەکڕیزی و تەبایی ڕەمزی سەرکەوتنی ڕیفراندۆمە
ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری هەولێر، عەلی قازی، کوڕی پێشەوا قازی محەمەد سەرکۆماری یەکەم کۆماری کوردستان، لە کۆنفراسنێکی ڕۆژنامەوانیدا، داوای لە جەماوەری هەرێمی کرد بە حەماسەتەوە بچنە سەر سندووقەکان و دەنگی (بەڵی) بە سەربەخۆیی کوردستان بدەن.



عەلی قازی لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسییەکەدا وێڕای وەبیرهێنانەوەی هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانیی پێشەوا قازی محەمەد و مەلا مستەفا بارزانی لەپێناو سەرکەوتنی نەتەوەی کورددا، گوتی: "داوا لە خەڵک دەکەم بۆ ئەوەی ئاواتەکانی کۆماری کوردستان بێتەدی، لە ڕۆژی 2017/9/25 لەسەر سندووقەکانی دەنگدان بلێن (بەڵێ) بۆ کوردستان".



کوڕی پێشەوا قازی محەمەد لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەش کرد: "هەروەک چۆن بابم لەپێناو سەربەستیی کوردستاندا گیانی خۆی فیدای کوردستان کرد، ئەگەر بە مردنی منیش کوردستان یەک هەنگاو پێش بکەوێت، ئامادە گیانم فیدای کوردستان بکەم".



لە درێژەدا گوتیشی: "هەروەک دەزانین ئەم قۆناغەی ئێستای نەتەوەکەماندا زیاتر لە هەموو کاتێ پێویستی بە یەکڕیزی و تەبایی هەیە، چونکە کوردستان بە قۆناغی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێشمەرگە قارەمانەکان بە خوێنی خۆیان سنووری کوردستان دیاری دەکەن و خەبات و مافی بڕیادان بۆ داهاتوویەکی گەشاوە و گەیشتن بە سەربەخۆیی، ئامانجی سەرەکیی گەلەکەمانە کەلە مێژووی کۆماری کوردستانەوە بنیاتی نراوە و دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٧٠ ساڵ خەبات دووبارە لەڕێگەی گشتپرسییەوە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی دەدات".



کوڕی پێشەوا قازی محەمەد لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش کرد: "بۆیە پێویستە هەموومان بەدەر لە بیرکردنەوەی تەسکی حزبی، بە ستراتژییەکی نیشتمانی و یەکگرتوو، بیر لە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەکەمان بکەینەوە".



عەلی قازی گوتیشی: "ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی تایبەتیی هیچ کەس و لایەن و موزایەدەی سیاسیی هیچ تاک و لایەنێکی دیاریکراو نییە لەدژی لایەنێکی دیکە، بەڵکوو ئەوە دەرفەتێکی مێژوویە کە دەبێ لەدەستی نەدەین و دەبێ بزانین سەربەخۆیی بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهیدی هەر چوار پارچەی کوردستانە، هەروەها سەربەخۆیی هیوا و کردنەوەی دەرگای نوێی خەباتە بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان".



هەنگاوەکانی کورد لەم پێناوەدا هۆکاری سەقامگیری و ئاشتیی ناوچەکەیە و لەپێناو بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دابینکردنی ئاسیشی نێودەولەتی خەبات دەکات و کرد جگەلەوەی دەیەوێ بەشکۆوە بژیت، دەیهەوێ بەهاری گەش بۆ نەوەی گەنجی ئەمڕۆ و داهاتوو بەدی بێنێت.



لە کۆتاییدا گوتیشی: "داواکارم لە جەماوەری کوردستانی خۆشەویست، لەپێناو سەربەخۆیی کوردستان، با هەموومان، واتە (کورد، تورکمان، کلدان و سریان و ئاشووری) لە ڕێکەوت 2017/9/29دا بە حەماسەتێکی نەتەوەییەوە پاڵپشتی لە پرۆسەی ڕیفراندۆم بکەین و بەرانەبر بە هەڕەشەکان بە یەکگرتوویی بڕیار لەسەر مافی چارەنووسی خۆمان بدەین، چەنکە پاڵپشتیی لە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەرکێکی ئایینی و نەتەوەییمانە".



لە بڕگەی کۆتایی کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسییەکەدا وەسیەتنامەی پێشەوا قازی محەمەد خوێندرایەوە و جەخت کرایەوە پێویستە جەماوەری هەرێمی کوردستان بۆ پرسی ڕیفراندۆم گوێ لە وەسیەتی پێشەوای کۆماری کوردستان بگرن.




باسنیوز
Top