سەرۆك بارزانی: نامانەوێ ئەزموونی شکستخواردووی سەدەی رابردوو دووبارە بکەینەوە
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (حەیات) رایگەیاندووە، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان پرۆسەیەکی ئاشتییانەیە و ئامانج لێی رێگریکردنە لە شەڕ و کارەساتی نوێ.
مەسعود بارزانی جەختی لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کردووەتەوە، کە مافێکی گەلی کوردستانە و تەنیا ئەو گەلەش مافی دیاریکردنی کاتەکەی هەیە و رایگەیاندووە، ”لە ئەنجامدانی ریفراندۆم پاشگەز نابینەوە“.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێی وایە هەرگیز وڵاتان و لایەنە عێراقییەکان هیچ کاتێک بە کاتی سەربەخۆیی کوردستان نازانن و لەو کەسانەی پرسیوە، کە دەڵێن ئێستا کاتی سەربەخۆیی کوردستان نییە، ”ئەگەر ئێستا کاتی نەبێ، کەی کاتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانە؟“.
مەسعود بارزانی هەروەها رایگەیاندووە، گەلی کوردستان ئەزموونی هاوبەشی لەگەڵ عێراق لە سەدەی رابردوو تاقی کردووەتەوە و نایەوێ جارێکی دیکەش ئەو ”ئەزموونە شکستخواردووە“ دووبارە بکاتەوە.
باسنیوز
