جەعفەر شێخ مستەفا: زۆرینەی خەڵک و پێکھاتەکانی خانەقین لەگەڵ سەربەخۆییدان

جەعفەر شێخ مستەفا: زۆرینەی خەڵک و پێکھاتەکانی خانەقین لەگەڵ سەربەخۆییدان
پارت و لایەنە سیاسییەکانی خانەقین بە ھەموو پێکھاتەکانەوە ئامادەن دەنگ بۆ سەربەخۆییی کوردستان بدەن لە ڕیفڕاندۆمی ٢٥ی ئەیلوولی داھاتوودا. بەرپرسێکی پارتیش دەڵێت، عەرەبەکانی ناوچەکە زیاتر لە ئێمە دەخوازن خانەقین بگەڕێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان.

(جەعفەر شێخ مستەفا)، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''حزب و لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک بە یەک دەنگ و ھەڵوێست خۆیان بۆ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستان ئامادە کردووە و ھیچ ناکۆکی و کێشەیەکمان نییە لەوەی پێویستە ڕیفڕاندۆم لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت و ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان. لە ڕۆژانی داھاتووشدا دەست بە بانگەشەی ڕیفڕاندۆم دەکرێت و ئەنجومەنی قەزای خانەقین لەگەڵ ناحیەکانی جەلەولا و سەعدییە و ھەموو ناوچەکانی دیکەی سەر بە دیالە، کە خاکی کوردستان بێت، ئەوان دەمێکە بڕیاری خۆیان داوە بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان و ڕیفڕاندۆم ئەنجام بدرێت.''

خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، چاوەڕانی ئەوە لە ھەرێمی کوردستان دەکەن لەو زۆڵمەی بەغدا ڕزگاریان بێت و بیانگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان.

دەربارەی پێکھاتەکانی خانەقین، (جەعفەر شێخ مستەفا) گوتی: ''کورد و عەرەب و شیعە و تورکمان لە خانەقین ھەن، زۆربەی ھەرەزۆریان لەگەڵ ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییدان، تەنانەت ساڵێکە شێخ و کەسایەتییە عەرەبەکانی ناوچەکە و ناوچەی حەمرین سەردانمان دەکەن و داوا دەکەن کار بکرێت بۆ ئەوەی خانەقین بخرێتە سەر ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەش ھیچ کێشەیەکی ئەوتۆ نابینم لە خانەقین و دەنگی (بەڵێ) زۆر زیاترە لە نەخێر.''
kdp-
Top