ناوەڕۆکی گرێبەستی فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی ھەولێر کۆمپانیا ئەڵمانییەکە ئاشکرا دەکرێت

ناوەڕۆکی گرێبەستی فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی ھەولێر کۆمپانیا ئەڵمانییەکە ئاشکرا دەکرێت
ئەمڕۆ دووشەممە، فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی ھەولێر، ناوەڕۆکی گرێبەستەکەی خۆی لەگەڵ کۆمپانیای لوفتھانزا (Lufthansa) بە زمانی کوردی، بڵاو کردەوە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، بەمەبەستی پێشخستن و جێبەجێکردنی ماستەرپلانی خۆی، گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای (Lufthansa)/ تیمی راوێژکاری ئەڵمانی واژوو کرد.



بەپێی ئەم گرێبەستە، کۆمپانیا ئەڵمانییەکە شارەزایی خۆی لە بوارەکانی بەڕێوەبردنی پڕۆژە، پلاندانان، دیزاین، کارگۆ، ئاسایش و سەلامەتی پێشکەش دەکات بە مەبەستی پێشخستنی فڕۆکەخانە لەم بوارانەدا، ئەم گرێبەستە لەگەڵ کۆمپانیای (Lufthansa)/تیمی راوێژکاری وەکو یەکەم قۆناغی پڕۆسەی مەودا درێژی پێشخستنی فڕۆکەخانەیە بەپێی ئەو ماستەرپلانەی کە لە ساڵی (2014)دا داڕیژرابوو، بەڵام بەھۆی نالەباری بواری ئابووری و شەڕی داعشەوە، جێبەجێکردنی دواخرابوو.



گریبەستەکە بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کریستۆفەر بەرگەر، جێگری کونسوڵی ئەڵمانی واژوو کرا.


نوێنەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر، تەلار فایەق، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانە و کاترین دراوەر، نوێنەری کۆمپانیای (Lufthansa) بوون.



لەم بارەیەوە، تەلار فایەق، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانە، رایگەیاند: "ئەم شارەزاییەی کە کۆمپانیای (Lufthansa)/تیمی راوێژکاری بۆ فڕۆکەخانەی دەھێنێت زۆر گرنگە، لە کاتێکدا کە ئێمە ھەوڵی پێشخستن و فراوانترکردنی ژێرخان و خزمەتگوزارییەکانی فڕۆکەخانە دەدەین، بەڕێوەبردنی پڕۆژەکان و جێبەجێکردنیان لە کاتی دیاریکراو و بە بودجەی تەرخانکراو خاڵێکی زۆر گرنگە لە پێشخستنی فڕۆکەخانەکەمان، کە دەروازەیەکە بۆ کوردستان بە رووی جیھاندا".



بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر، ئەوەشی خستە روو: "لە چەند مانگی داھاتوودا، فڕۆکەخانە ھەڵسەنگاندن بۆ ماستەرپلانی خۆی دەکات لەسەر بناغەی ژمارەی گەشتیاران، گەورەبوونی قەبارەی کارگۆ، زیادبوونی ژمارەی گەشتەکانی فڕۆکە، کاتێک کە ئەولەویاتمان دیاری کران، فڕۆکەخانە تەندەری دیزاینکردن و جێبەجێکردن ئامادە دەکات و ھەل بۆ کەرتی تایبەت دەڕەخسێنێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، لێرەدا، کۆمپانیای (Lufthansa)/تیمی راوێژکاری، پشتگیری لە تیمی فڕۆکەخانە دەکات و بەپێی پێویست سوود لە شارەزایی تیمی شارەزایانی وەردەگیرێت".



بەپێی زانیارییەکان لە مانگی ئابی داھاتووەوە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر، دەست بە جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژە دەکات کە لە سێ ساڵی رابردوودا ئامادەکارییان بۆ دەکرا، وەک پڕۆژەی چاککردنەوەی سەقفی تێرمیناڵ، ئێرفیڵد (Airfield) و ھەندێک ژێرخانی دیکە کە لە لایەن کۆمپانیای (Makyol)ەوە ئەنجام دەدرێن، پڕۆژەی بەسەوزاییکردنی فڕۆکەخانە، کە گوژمەکەی (% 17.5)ەو لە ماوەی 18 مانگدا جێبەجێ دەکرێت و دیزاینەکەی لە لایەن کۆمپانیای (Daber & Krigle)ی ئەڵمانییەوە ئامادە کراوە، لە مانگی رابردوو فڕۆکەخانە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای (Jardin)ی فەڕەنسی واژوو کرد و لە رووی لایەنی تەکنیکیی پڕۆژەکەوە گەیشتووەتە رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای ناوبراو، دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی تەندەر.


ھەروەھا پڕۆژەی چاککردنەوەی کێڵگەی سووتەمەنیی فڕۆکەخانە دەیەوێت لە رێگەی چاککردنەوەی ئەم خزمەتگوزارییەوە توانای پێدانی سووتەمەنی بە فڕۆکە بۆ (4) ملیۆن گاڵۆن بەرز بکاتەوە، جگە لەمانە، چەندی پڕۆژەی دیکەش جێبەجێ دەکرێن.



لەلایەن خۆیەوە، کاترین دراوەر، نوێنەری کۆمپانیای (Lufthansa) رایگەیاند: "شەرەفێکی گەورە بوو بۆ کۆمپانیاکەمان کە لە ساڵی (2014)دا ماستەرپلانێکی نوێی داڕشت، ئێمە بە خۆشحاڵییەوە دەڕوانینە یارمەتیدانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە لە رێگەی شارەزایی ئێمەوە، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ژێرخان و خزمەتگوزارییەکان بۆ راکێشانی وەبەرھێنەری زیاتر، دەیانەوێت ژمارەیەک پڕۆژەی گەورە لە فڕۆکەخانە ئەنجام بدەن".

bas news
Top