زانایه‌كی ئایینی: هه‌ركه‌سێك ده‌نگ به (نه‌خێر)ی ڕیفراندۆم بدات با نوێژ نه‌كات و ڕۆژوو نه‌گرێت
زانایه‌كی ئایینی ئیسلامی ناوداری ناوچه‌ی شاره‌زوور و هه‌ڵه‌بجه، ده‌ڵێ ده‌نگدان به (نه‌خێر) ی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان پشتگیریكردنی بكوژانی گه‌لی كوردستانه ، بۆیه هه‌ر كه‌سێك ده‌نگ به(نه‌خێر) بدات با نوێژ نه‌كات و ڕۆژوو نه‌گرێت.
شێخ محه‌مه‌د ئه‌مین جه‌میل ، پێشنوێژ و گوتار خوێنی مزگه‌وتی گه‌وه‌ری شاره‌دێی وارماوای سه‌ر به شارۆچكه‌ی شاره‌زوور، ڕاگه‌یاند:"پێویسته هه‌موو كه‌سێك به په‌رۆشه‌وه بڕواته سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و به‌شداری له ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بكات و ده‌نگ به (به‌ڵێ) بدات ، چونكه ڕاپرسییه‌كی شه‌رعییه و ئه‌و حه‌ق و مافه‌ی ، كه لێمان داگیركراوه به‌مه نه‌بێت بۆمان وه‌رناگیرێته‌وه".
ده‌شڵێ: "له خه‌لافه‌تی ئه‌مه‌وییه‌وه هه‌تا ئیستا و له قۆناغه جیاوازه‌كاندا به‌به‌رده‌وامی گه‌لی كورد كراوه‌ته قوربانی و ئه‌نفال و كیمیاباران ، جینۆساید كراوه و خاكه‌كی براوه ، بۆیه داوا له خوای گه‌وره ده‌كه‌م هه‌تا ڕۆژی (25-9-2017) بمانهێڵیت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ بده‌ین بۆ ڕیفراندۆمی سه‌ر به‌خۆیی كوردستان".
به‌گوته‌ی ئه‌و مامۆستا ئاینییه ، له ڕۆژی ڕیفراندۆمدا هه‌ر كه‌سێك ده‌نگ به (نه‌خێر) بدات یان كار بكات بۆ زیادكردنی ده‌نگی (نه‌خێر) ، كه‌سێكی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاو و عه‌قڵ شێواو و ماف فرۆش و خۆنه‌ویست و وڵات نه‌ویسته. ده‌شڵێ: "ئه‌و كه‌سانه هه‌تا ملیۆنێك ساڵی دیكه خزمه‌تی دوژمن بكه‌ن و كار بكه‌ن بۆ زیاد كردنی ده‌نگی (نه‌خێر)له كۆتاییدا دوژمن فڕێیان ده‌دات".
گوتیشی: "هه‌ر كه‌سێك ده‌نگ به(نه‌خێر) بدات با نوێژ نه‌كات و ڕۆژوو نه‌گرێت ، چونكه ده‌نگدان به (نه‌خێر) پشتگیریكردنی بكوژان و ئه‌نفالچیانی گه‌لی كوردستانه ، هه‌ر كه‌سێكیش به وشه‌یه‌ك پشتگیری له بكوژێك بكات وه‌ك ئه‌وه وایه هه‌موو خه‌ڵكی كوشتبێت".
bas news-
