سەعدی پیرە: دەنگۆی داخستنی سنوور درۆیە
(سەعدی ئەحمەد پیرە) کە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆمە، لە پانێڵی "ڕیفراندۆم هێڤێنێ سەرخۆبوونێ یە" کە لە ئاکرێ بەڕێوە دەبرێ هەروەها گوتی، "کورد نەیگوتووە کە بە شەڕ پرسی سەربەخۆیی یەکلا دەکاتەوە، بەڵکە ئێمە خەریکین لیژنە بۆ سەردانی بەغدا دیار دەکەین و لەگەڵ لایەنەکان کۆ دەبێتەوە."
(پیرە) گوتیشی، ئەمەریكا و ئەورووپا نەیانگوتووە دژی ریفراندۆمن، بەڵكو دەڵێن ئێستا كاتی نییە و، ئاماژەیشی دا کە "پڕۆژەیەكی لەوجۆرە بەبێ ئازار نابێت".
بەڵام وەک (سەعدی پیرە) گوتی "ئەگەر لەژێر دەستی عێراق بمێنینەوە زیانی گەورەتر دەكەین، بۆیە پێویستە كارێك بكەین و رێگە بگرین لەو گرووپانەی كە بازرگانی بە خوێن و قوتی خەڵکەوە دەكەن، ئێستا كۆمەڵێك خەڵك پەیدا بوون دەڵێن سنوورەكان دادەخرێن، كە ئەوەش درۆیە".
(هۆشیار زێباری)ـیش کە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆمە، جەختی کردەوە، پڕۆپاگندەکان بڕیاری گەلی کوردستان لەبارەی ڕاپرسییەوە، سارد ناکاتەوە و، "بێ چەندووچوون و بێ دواخستن، ڕاپرسی لە وادەکەی خۆی ٢٥ـی ٩ـدا بەڕێوە دەچێت."
(زێباری) دووپاتی کردەوە، کە هێشتا هیچ دەوڵەتێک نەیگوتووە دژی ڕاپرسیی باشووری کوردستانە، چونکە بەگوێرەی بنەماکانی مافی دیاریکردنی گەلان لە یوئێن و وڵاتانیش، دژەیەتییان بە واتای دژایەتیی پرەنسیپەکانی خۆیشیانە.
هاوکات سکرتێری حزبی شیوعیی کوردستان رایگەیاند، بە لای ئەوانەوە گشتپرسی بە هێندەی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ گرینگە.
(د. کاوە مەحموود) گوتی، ڕیفراندۆم چ کاریگەری بەسەر دۆخی شەڕی تیرۆرەوە نابێ و گوتیشی، مافی گەلی کوردستانە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و بەڕێگەی ئاشتیانە، ئەو مافە بەدەست بێنێت.
kdp-
