پەکەکە مەترسیی بۆ سەر ژیانی ھاووڵاتییانی ناحیەی باتۆفە دروست کردووە

پەکەکە مەترسیی بۆ سەر ژیانی ھاووڵاتییانی ناحیەی باتۆفە دروست کردووە
چەکدانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە نێو خاکی ھەرێمی کوردستان و بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەوشی نێوخۆییی ھەرێم و پاراستنی ھاووڵاتییانی کوردستان بۆمبێکیان بە کاروانێکی سوپای تورکیادا تەقاندەوە و بەرپرسێکی ناحیەی باتۆفەش دەڵێت، بە ھۆی پەکەکەوە مەترسی بۆ سەر ژیانی ھاووڵاتییان دروست بووە.

عەقید (دلێر زێباری)، فەرماندەی پاسەوانیی سنوور لە پارێزگای دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ چەکدارانی پەکەکە لە نیزیک ناحیەی باتۆفەی قەزای زاخۆ بۆمبێکی چێندراویان بە کاورانێکی سوپای تورکیادا تەقاندەوە و لە ئەنجامدا وەرگێڕێک و سێ سەربازی تورکیا بریندار بوون.''

(سالح عیسا)، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی باتۆفەی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''کردەوە سەربازییەکەی ئەمڕۆی چەکدارانی پەکەکە ترس و دڵەڕاوکێی خستووەتە نێو گوندنشینانی ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەو ڕێگەیەی ئەمڕۆ پەکەکە دژی سەربازانی تورکیا چالاکیی تێدا ئەنجام دا، ڕێگەیەکی سەرەکییە لە نێوان ھەردوو ناحیەی باتۆفە و کانی ماسی و، ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆری گوندنشین ھاتوچۆی پێدا دەکەن.''

جگە لە ناحیەی باتۆفە لە قەزای ئامێدی و زاخۆ و ئاکرێ و مێرگەسۆر و سۆران سەدان گوندی ھەرێمی کوردستان لە ژێر کۆنتڕۆڵی پەکەکەدان و خەڵکی ئەو ناوچانە لە گوندەکانیان بێبەش کراون، ساڵانەش لە لایەن ھەردوو وڵاتی تورکیا و ئێرانەوە بە بیانووی ھەبوونی پەکەکە سنووری ھەرێمی کوردستان بوردۆمان دەکرێت و بەو ھۆیەوە زیانی ماددی و گیانی بەر ھاووڵاتییانی کوردستان دەکەوێت.

(عیسا) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ناحیەی باتۆفە سەر بە قەزای زاخۆیە و لە ٧٥ گوند پێکھاتووە، بەڵام بە ھۆی ھەبوونی بنکە و بارەگای پەکەکە لە سنوورەکەدا، تەنیا ٤٥ گوندی ئاوەدان کراوەتەوە و ٣٠ گوند بە ھۆی پەکەکەوە ئاوەدانی تێدا نییە، پەکەکە بۆیە وا دەکات، کە زیان بە هەرێمی کوردستان بگەیەنێت.

kdp-
Top