مەسیحییەکان: ١٠٠ ساڵە عێراق ستەممان لێ دەکات و هەرێمیش دەمانپارێزێت
سەرۆکی پارتی کلدانی، (عەبدولئەحەد ئەفرام)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئومێدەوارین ناوچە مەسیحینشینەکانی دەشتی نەینەوا بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان، چونکە ماوەی ١٠٠ ساڵ ئەزموونمان لەگەڵ حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق ھەیە، جگە لە زوڵم و زۆرداری ھیچی ترمان نەبینیوە و ناوچەکانمان تەعریب کراوە و زەویوزارمان لێ زەوت کراوە، بۆیە ھیچ خۆشیمان لە عێراق نەبینی و پێمان خۆشە بگەرێینەوە سەر ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەوانەی لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن، تاوەکو ئێستا یەک کێشەیان نییە و بە ئارامی دەژین و جگە لەوەش، لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە، کە فەرمانی قڕکردنی مەسیحییەکان درا، تا ئێستا ھەرێمی کوردستان ئێمە دەپارێزێت، بۆیە ئێستا ھەموو مەسیحییەک دەیەوێت ناوچەکانیان بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان.''
(عەبدولئەحەد ئەفرام) ڕوونی کردەوە: ''لە ساڵی ٢٠٠٥وە دەرگای ھەرێمی کوردستان بە ڕووی مەسیحییەکاندا کراوەتەوە تاوەکو ئێستا و ئەوانیش لە عێراق مڵک و ماڵی خۆیان بەجێ دێڵن و دێنە ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراو بێت، بۆیە ئێمە ئەو ھەڵوێستەی (سەرۆک بارزانی) لەبیر ناکەین، بەتایبەت لە کاتی ھاتنی داعشدا، لە تلکێف تا ئەلقۆش و لە حەمدانییە تا قەرەقۆش و تا دەگاتە بەرتڵە، ھەمووان ڕایان کرد بۆ ھەرێمی کوردستان و گەر ھەرێم نەبووایە ھەمووان بە دەستی داعش دەکوژران، بۆیە پێویستە ئەوانەی کە ژمارەیان کەمە و لەگەڵ عێراقدانە، تێبگەن ئەمە دەرفەتێکە بۆ مەسیحییەکان ھاتووەتە پێش، بۆ ئەوەی ناوچەکانیان بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان.''
(عەبدولئەحەد ئەفرام) گوتی: ''پێویستە ئەو خەڵکە مەسیحییەی ڕا دەکەن بۆ دەرەوەی وڵات، بێنەوە بۆ ناوچەکانیان و بەشداری لە ڕیفراندۆمدا بکەن، بۆ ئەوەی گوند و شارەکانیان بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان و ئەم دەرفەتە لەدەست خۆیان نەدەن.''
(ئەفەرام) ڕوونیشی کردەوە: ''بڕیار وایە بەم نیزیکانە وەڤدێکی مەسیحییەکان لە ئەمەریکاوە بێنە ھەرێمی کوردستان، کە خۆیان پێشتر لە تلکێف بوونە، چونکە ئێستا ١٢٠ ھەزار مەسیحیی تلکێف لە میشیگانن، جگە لە ویلایەتی کالیفۆرنیا. ئەوانە لەگەڵ (سەرۆک بارزانی) دادەنیشن و داوای لێ دەکەن تلکێف بە ھەرێمی کوردستانەوە ببەسترێتەوە، بۆیە ئەمە کارێکی زۆر باشە و لە بەرژوەندیی مەسیحییەکاندایە.''
kdp-
