حزبە سیاسییەکان؛ دەنگی سلێمانی بۆ ڕیفراندۆم ''بەڵێ''یە.. ئازاد تۆفیق: دەبێ خەڵکی سلێمانی لە ڕێی ڕیفراندۆمەوە تۆڵە بکەنەوە
دەنگی (بەڵێ) لە سڵێمانی سەرکەوتنی یەکجاریی تۆمار دەکات
سەرەتای ئەم هەفتەیە لە شاری سلێمانی کەمپین بۆ پشتیوانیی ڕیفراندۆم ڕاگەیەنرا و لە کەمپینەکەدا دەیان کەسایەتیی سیاسی و ئایینی و بازرگان و مامۆستای ئایینی بەشدارییان کرد و، داوایان کرد هەمووان بە کۆی دەنگ دەست لەناو دەست بنێن و بە (بەڵێ) پشتیوانی لە ڕیفراندۆم بکەن، دوای ئەوە ڕۆژانە چەندین چالاکی و کۆڕ و کۆبوونەوەی جەماوەری دەکرێت بۆ پشتیوانی لە پرۆسەی ڕیفراندۆم. (چنار عەلی)، چالاکی کۆمەڵگای مەدەنی لە شاری سلێمانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''شاری سلێمانی زۆری خەبات کردووە و زۆری قوربانی داوە تا ئەم دەسکەوتانەی ئەمڕۆ بەدەست هاتوون، ڕۆژانێک لە سلێمانی خەڵک لەسەر وشەی پێشمەرگە لەسێدارە دراوە، لەسەر جامانەی سوور خەڵک لەسێدارە دراوە، لەسەر وشەی کوردبوون دەرکراوە، ئێستا گەشتبێتە ئەوەی خەڵک بە ئازادانە بچێت دەنگ بدات بۆ ڕیفراندۆم و مافی چارەی خۆنووسین، ئیتر دەبێ لەوە زیاتر چی بێت، بۆیە دەبێ خەڵکی سلێمانی هۆشیار بن لەوەی نەکرێنە ئامرازی سیاسی و قوربانیی سیاسی.''
(چنار عەلی) گوتیشی: ''دەنگی (بەڵێ) لە سڵێمانی سەرکەوتنی یەکجاریی تۆمار دەکات، کۆمەڵێک جووڵانەوە لە دژی ئەم پرسە نیشتمانییە هەیە، بەڵام دواجار هیچ پرسێک لە پرسی نیشتمانی گەورەتر نییە.''
هه‌ر لایه‌نێكى سیاسی، عه‌لمانى بێت، یان ئیسلامى، ئەگەر هه‌وڵى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم بدات، كارێكى باش ده‌كات
(عیماد عەلی)، قوتابیی زانکۆی شەریعە لە زانکۆی سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''پرسی ڕیفراندۆم، پرسێكى چاره‌نووسسازه و هه‌ر لایه‌نێكى سیاسی، عه‌لمانى بێت، یان ئیسلامى، ئەگەر هه‌وڵى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم بدات، كارێكى باش ده‌كات، چونكه پێویستییه‌كى گرینگه بۆ گه‌لى كوردستان و پڕۆسه‌یه‌كى پیرۆزه و ئه‌ركى سه‌رشانى هه‌موو كوردێكه به‌ره‌و پیرى ڕیفراندۆم بچێت.''
ئەو قوتابییەی زانکۆی شەریعە گوتیشى: ''كۆمه‌ڵێك كۆسپ و ته‌گه‌ره هه‌یه، ئه‌گه‌ر چاره‌ى پێویستى بۆ نه‌دۆزرێته‌وه، ترسێكى گه‌وره هه‌یه، كه پرسی ڕیفراندۆم له‌بار بچێت، به‌تایبه‌تى چاره‌كردنى كێشه‌ى نێوماڵى كورد، هه‌روه‌ها دۆزینه‌وەی ڕێچاره‌یه‌كى گونجاو بۆ كێشه‌ى قه‌یرانى دارایی، كه ته‌نگى به هاونیشتمانیان هه‌ڵچنیوه، ئه‌گه‌ر ئه‌م ئه‌زمه‌یه كۆتایی پێ نه‌یه‌ت، ترسی ئه‌وه‌مان هه‌یه، نه‌توانین بگه‌ین به ئاواتى گه‌له سته‌مدیده‌كه‌مان، بۆیه باشتر وایه پارت و لایه‌نه سیاسییه‌كان به زووترین كات كێشه‌كانى خۆیان چاره بكه‌ن، بۆ سه‌رخستنى پرسی ڕیفراندۆم.''
(عیماد عەلی) گوتیشی: ''پرسی ڕیفراندۆم جگه له‌وه‌ى پرسێكى نیشتمانییه، پرسێكى شه‌رعیشه، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ى ئه‌و ڕیفراندۆمه له به‌رژه‌وه‌ندیى ئایینى پیرۆزى ئیسلامدا بێت، دواجار هیچ زیانێك به بنه‌ماكانى ئایینى پیرۆزى ئیسلام نه‌گه‌یه‌نێت، چونكه له شه‌رعی ئیسلامدا باس له‌وه كراوه، هه‌موو مرۆڤێک مافی بڕیاری ژیانی خۆی هەیە.''
ناکرێت ھەلێکی مێژووییی وەک ڕیفراندۆم لەدەست بدرێت
(ئازاد تۆفیق)، ئەندامی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''خەڵک ئازادن، سزای حزبەکان بدەن، بەڵام ناکرێت ھەلێکی مێژووییی وەک ڕیفراندۆم لەدەست بدرێت، چونکە چارەنووسی گەلی کوردستانی لەسەر بەندە، ئێستا حکوومەتی عێراق بە ھەموو شێوەیەک دەیەوێت تەفرەقەمان لە نێوان بخات و ناکۆکیی سیاسی دروست بکات.''
(ئازاد تۆفیق) گوتیشی: ''ئەمە باشترین دەرفەتە بۆ کوردستان هاتووەتە پێشەوە، دەبێ بە هەموو لایەکەوە، بە (بەڵێ) دەنگ بۆ ڕیفراندۆم بدەین، چونکە ناکرێ ئەم هەلە جارێکی دیکە دووبارە ببێتەوە، خەڵکی سلێمانی زۆریان قوربانی داوە، زۆریان ئازار چەشتووە، بۆیە دەبێ لە ڕێگای ڕیفراندۆمەوە تۆڵەی هەموو ئەوانە بکەنەوە.''
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لەو دەنگە دەکات، کە خەڵکی دەیدات
(سەلام کەریم)، ئەندامی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''دوای کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی ڕیفراندۆم، نەخشەڕێگایەک لە بواری میدیا، پەیوەندییە سیاسی و نێودەوڵەتییەکان داڕێژراوە، ئێستاش جووڵەی سیاسی لە ناوخۆ و دەروەی ھەرێمی کوردستان بۆ پەیداکردنی پشتیوانی و کۆدەنگیی نیشتمانی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەستی پێ کردووە.''
(سەلام کەریم) ئەوەشی خستەڕوو: ''کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لەو دەنگە دەکات، کە خەڵکی دەیدات، بەو مانایەی ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم ئەگەر دەنگێکی بەرز بھێنێت، ئەوکاتە پاڵپشتی لە پرسی ڕیفراندۆم دەکەن، بە بۆچوونی من، خەڵکی بەشەڕەفی کوردستان، باش دەزانن پرسی ڕیفراندۆم پرسێکی حزبی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانییە، ھەرچەندە خەڵکی لە دەسەڵات و حکوومەت نیگەرانە، بەڵام خەڵکی لە ڕۆژی 25/9 بە پەرۆشەوە لەسەر سندووقەکانی دەنگدان بە (بەڵێ) دەنگ بە ڕیفراندۆمی کوردستان دەدەن.''
(سەلام کەریم) گوتیشی: ''دوای ڕیفراندۆم، سەربەخۆییی کوردستان ڕادەگەیەندرێت، بۆیە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەم دۆخەی ئێستادا ھەلێکی باشە و نابێ ئەو ھەلە لەدەست خۆمان بدەین، دواجار کوردستان بەرەو قۆناغی سەربەخۆیی ھەنگاو دەنێت.''
كاتى ئه‌وه هاتووه ئێمه‌ش له ژێرده‌ستى ڕزگارمان بێت
(سەعدی پشدەری)، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆییه، هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كى جیاواز مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه كیانێكى سه‌ربه‌خۆى هه‌بێت، بێگومان گه‌لى كورد وه‌كو گه‌لێكى سته‌مدیده به درێژاییى مێژوو زوڵمى لێ ده‌كرێت، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى داواى مافى ڕه‌واى خۆى ده‌كات، كه پێكهاتووه له سه‌ربه‌خۆییى وڵاته‌كه‌ى، به‌ڵام ئه‌و مافه‌ى پێ نادرێت! له‌كاتێكدا هه‌موو گەلانی دنیا سه‌ربه‌خۆییان هه‌یه، ته‌نیا گه‌لى كورد نه‌بێت! هۆكاره‌كه‌یشى بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كورد له چه‌ندین لاوه دوژمنى زۆره، به‌جۆرێك كاتى خۆى كوردستان پارچه پارچه كراوه، هه‌روه‌ها ئینگلیز ئه‌م وڵاته‌ى له نێوان عه‌ره‌ب و تورك و فارس‌دا دابه‌ش كردووه، هه‌رچه‌نده زۆرجار هه‌وڵى ئه‌وه دراوه گه‌لى كورد مافى سه‌ربه‌خۆیى وه‌ربگرێت.''
(سەعدی پشدەری) گوتیشی: ''نه‌یارانى كورد ڕێگر بوون و ئه‌و مافه‌یان به‌رامبه‌ر به میلله‌تى كورد به‌ڕه‌وا نه‌بینیوه. ئێستاش كاتێك سه‌ركردایه‌تیى سیاسیی كورد بڕیارى ڕیفراندۆمى بۆ سه‌ربه‌خۆیى داوه، بێگومان ئه‌مه بۆخۆى كارێكى گه‌وره‌یه، چونكه كاتى ئه‌وه هاتووه ئێمه‌ش له ژێرده‌ستى ڕزگارمان بێت، بۆ ئه‌وه‌ى هاوشێوه‌ى وڵاتانى دنیا خاوه‌نى كیانێكى سه‌ربه‌خۆ بین، خاوه‌نى ئاڵا و دراوى خۆمان بین و بتوانین به سه‌ربه‌ستى بژین.''
(ئیسماعیل عەلی)، کاسبکار لە شاری سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''پێویسته هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانى كوردستان، له نێوان خۆیاندا ته‌با و هاوهه‌ڵوێست بن، هه‌مووان دوور له ململانێى سیاسی، پشتگیرى له پرسه نیشتمانییه‌كان بكه‌ن، به جۆرێك له پێناو پرسێكى وه‌ها هه‌ستیاردا كه ڕیفراندۆمه، ده‌بێ هه‌موو حزبه‌كان به‌بێ جیاوازى، به‌رژه‌وه‌ندیى حزبیى خۆیان وه‌لا بنێن و به‌رژه‌وه‌ندیى گشتیی باڵاى گه‌لى كورد له‌به‌رچاو بگرن، ئێستاش كاتێك (كاك مه‌سعوود)، ڕۆژى ڕیفراندۆمى ڕاگه‌یاندووه، بێگومان كارێكى گه‌وره‌ی ئه‌نجام داوه، هیوادارم له چه‌رخى ئه‌ودا ڕیفراندۆم بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ربه‌خۆیى ڕابگه‌یه‌نین.''
(ئیسماعیل عەلی) گوتیشی: ''خۆم ته‌مه‌نناى ئه‌وه ده‌كه‌م به پشتیوانیى خواى گه‌وره هه‌رچى زووتره گه‌لى كورد مافى سه‌ربه‌خۆیى به‌ده‌ست بهێنێت، هه‌رچه‌نده ده‌بوایه چه‌ند ساڵێك به‌ر له ئێستا ئێمه خاوه‌نى ده‌وڵه‌ت بووینایه، به‌ڵام به‌داخه‌وه داعشیان بۆ دروست كردین، دوژمنایه‌تییه‌كى دیكه له نێوان ئێران و توركیا سه‌رى هه‌ڵدا، به‌ڵام من دڵنیام ئه‌وانه هیچى نابنه ڕێگر، به‌زوویى ئێمه‌ش مافى خۆمان وه‌رده‌گرین، كه سه‌ربه‌خۆییى كوردستانە، هیوادارم (دۆناڵد ترامپ)، سه‌رۆكى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مەریكا، پشتگیریى سه‌ربه‌خۆییى كوردستان له‌به‌رچاو بگرێت و هاوكار بێت بۆ پشتیوانى له میلله‌تى كورد، بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافی سه‌ربه‌خۆییى خۆی.''
kdp-
