''سەردانی شاندی ڕیفراندۆم بۆ بەغدا بیانووی عێراق ناهێڵێت''

''سەردانی شاندی ڕیفراندۆم بۆ بەغدا بیانووی عێراق ناهێڵێت''
ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ئاشکرای كرد، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا باس لە چوونی شاندی باڵای ڕیفراندۆم بۆ بەغدا كرا و بڕیار درا لەو دوو ڕۆژەدا ئەو كەسانە دەستنیشان بكرێن، كە سەردانی بەغدا دەكەن، هەروەها باس لەوە كرا كە ڕیفراندۆم لە كات و ساتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و دواناخرێت. سەرۆكی زانكۆی دهۆكیش دەڵێت، چوونی شاندەکە بۆ بەغدا بیانووی عێراق ناهێڵێت.

ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی (سەرۆک بارزانی) كۆ بووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاری پێكهێنانی شاندێكی دانوستان لەگەڵ بەغدا پەسەند كرا و ئەجیندا و بەرنامەی كاری شاندەكەش بڕیاری لەسەر درا. سەبارەت بە کۆبوونەوەکە، (یروانت نیسان)، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە پێكهاتەی ئەرمەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئاشکرا كرد: ''كۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ تەواوكەری كۆبوونەوەی ڕابردوو بوو، كۆبوونەوەیەكی زۆر سەركەوتوو بوو، باس لە چوونی شاندی باڵای ڕیفراندۆم بۆ بەغدا كرا، كە لە بەغدا گفتوگۆ لەسەر ڕیفراندۆم بكرێت، كە ڕیفراندۆم دەبێتە وەسیلەیەك بۆ سەربەخۆیی، دەمانەوێت لەگەڵ بەغدا بە گفتوگۆ بگەینە ڕێككەوتن لەسەر پرسی ڕیفراندۆم.''

(یروانت نیسان) گوتی: ''ئەوانەی دەچنە بەغدا هەر ئەوانە دەبن، كە لە لیژنەی باڵای ڕیفراندۆمدان، ئەوانیش لەو دوو ڕۆژەدا دەستنیشان دەكرێن و سەردانی بەغدا دەكەن، ڕەنگە بەیانی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم كۆ ببێتەوە و ئەندامەكان دەستنیشان بكات، ئەندامەكانیش لە نوێنەری حزبەكان و پێكهاتەكان دەبن.''

(یروانت نیسان) ئاماژەی بەوەش كرد: ''لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم لەگەڵ ئەوە بوو لە كات و ساتی خۆیدا ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت.''

لە لایەكی دیكەوە سەرۆكی زانكۆی دهۆك، (د. موسلیح دهۆكی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: ''ئەو شاندەی كە بڕیار وایە سەردانی بەغدا بكات، شتێكی زۆر باشە و لە جێگەی خۆیدایە، چونكە ئەو شاندەی دەچێتە بەغدا لە هەموو لایەنەكان و پێكهاتەكان پێكهاتووە، بە ڕوونی لەگەڵ عێراق باس لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستان دەكەن و باس لەوە دەكەن كە سەربەخۆییی كوردستان بۆ ئەوان و هیچ وڵاتێكی دیكە نابێتە مەترسی، بەڵكو بەپێچەوانەوە ناوچەكە زیاتر ئارامی بە خۆیەوە دەبینێت، هەروەها بەغداش هیچ بیانوویەكی بۆ نامێنێتەوە، كە باس لەوە بكات هیچ شاندێكی كوردستان نەهاتووەتە بەغدا و ئەو بابەتەیان لەگەڵ ئێمە باس نەكردووە.''

(یروانت نیسان) ئاماژەی بەوەش كرد: ''هەبوونی هەموو لایەنەكان و پێكهاتەكان لەو شاندەدا ئەوە نیشان دەدەن كە ڕیفراندۆم تەنیا بۆ لایەنێك نییە، بە حزبێكەوە گرێ نەدراوە، بەڵكو گرێ دراوە بە هەموو خەڵكی كوردستانەوە و ئایندەی خەڵكی كوردستان دیاری دەكات، ئەو خەباتە دوورودرێژەی گەلی كورد بە درێژاییی مێژوو دەستی لێ بەرنەداوە، بۆ ئەوە بووە ڕۆژێك لە ڕۆژان سەربەخۆ بێت، ئەوەش لە ٢٥/٩دا دێتەدی.''
kdp-
Top