هاووڵاتیه‌كی به‌ریتانی له‌ توركیا ده‌ستگیر ده‌كرێت

 هاووڵاتیه‌كی به‌ریتانی له‌ توركیا ده‌ستگیر ده‌كرێت
هاووڵاتییه‌كی ئینگلیزی به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه‌دا هه‌بووه‌ و یه‌كێك بووه‌ له‌ چه‌كدارانی یه‌په‌گه‌ (پەكەكە)، له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌یدا له‌ توركیا ده‌ستگیر ده‌كرێن.

جۆی رۆبینسۆن ته‌مه‌ن 24 ساڵ، له‌ ناوچه‌ی ئایدن دیده‌م له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌ بولگارییه‌كه‌ی به‌ ناوی میرا رۆژكان ده‌ستگیر ده‌كرێ، خانه‌واده‌ی جۆیش ده‌ڵێن كوڕه‌كه‌مان بێتاوانه‌.

دوای ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی 6 رۆژ ده‌ستبه‌سه‌ر كران، میرای خۆشه‌ویستی جۆی ئازاد كرا، به‌ڵام جۆی به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی پێشتر چه‌كداری یه‌په‌گه‌ بووه‌، ده‌ستگیر كراوە.

رۆژنامه‌ی (گاردیان) بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ جۆی له‌ ساڵی 2015 به‌ ئاره‌زووی خۆی چووه‌ بۆ سووریا و له‌وێشه‌وه‌ چووه‌ته‌ ریزی چه‌كدارانی یه‌په‌گه‌، شارۆن رۆبینسۆن باوكی جۆی ئاماژه‌ ده‌دات كه‌ تاوه‌كو ئێستە هیچ زانیارییه‌كی نییه‌ ئاخۆ ئه‌و تۆمه‌ته‌ی دراوه‌ته‌ پاڵ كوڕه‌كه‌ی راسته‌ یان درۆیه‌.

شارۆن بۆ رۆژنامه‌ی (گاردیان) ده‌ڵێ "ئێمه‌ ته‌نیا ده‌مانه‌وێت زانیاری بزانین، ئاخۆ دادگایی ده‌كرێت یان ناكرێ؟ تاوه‌كو ئێستا به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی نازانین له‌سه‌ر چی شتێك تۆمه‌تی دراوه‌ته‌ پاڵ. داوام كردووه‌ كوڕه‌كه‌م ببینم تاوه‌كو ئێستە هیچ وه‌ڵامێكیان نه‌داومه‌ته‌وه‌، تاوه‌كو ئێستەش نازانم كوڕه‌كه‌م باری ته‌ندروستی چۆنه‌، به‌ڵام كوڕه‌كه‌م هه‌رگیز نه‌چووه‌ته‌ پاڵ یه‌په‌گه‌ و نه‌بووه‌ته‌ چه‌كدار، چونكه‌ ئه‌گه‌ر شتێكی وای بكردابوایه‌ نه‌ده‌چوه‌ توركیا بۆ پشوو".

جۆی له‌ ساڵی 2012 چووه‌ته‌ ئه‌فغانستان و له‌ ریزی چه‌كدارانی به‌ریتانی شه‌ڕی كردووه‌، هه‌ر له‌وێوه‌ چووه‌ته‌ سووریا و بووه‌ته‌ چه‌كداری یه‌په‌گه‌، كاتێك گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ریتانیا له‌ فڕۆكه‌خانه‌ ده‌ستگیر كراوه‌ و بۆ ماوه‌ی 10 مانگ به‌ بێ ئه‌وه‌ی دادگایی بكرێت به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی بوه‌ته‌ ئه‌ندامی گروپێكی تیرۆریستی خراوه‌ته‌ زیندان و پاشان ئازادیان كردووه‌. ئه‌مه‌یش به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانی.

بۆتان ئینگلیش كه‌ ناوی نهێنی رۆژنامه‌نووسێكی به‌ریتانیه‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ جۆی ده‌ناسێت، ئاماژه‌ ده‌دات كه‌ ئه‌و راسته‌ چووه‌ته‌ سووریا و چووه‌ته‌ لای یه‌په‌گه‌، به‌ڵام گوللەیه‌كیشی نه‌ته‌قاندووه‌، به‌ڵكو ته‌نیا وه‌كو راهێنه‌ری چه‌ك و فێركاری له‌گه‌ڵیاندا بووه‌.

كایا كایه‌ئۆغلو پارێزه‌ری جۆی بۆ گاردیان ده‌ڵێ "باری ته‌ندروستی زۆر باشه‌، مۆرالیشی زۆر به‌رزە، به‌ڵام كه‌ی دادگایی ده‌كرێت و دادوه‌ر دۆسیه‌كه‌ی یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌ نازانرێت و دیار نییه‌".










باسنيوز
Top