یەکێتی مامۆستایانی کوردستان پاڵپشتی لە رێکخراوی یارییەکانی ئاشتی جیھانی دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە 7/8/2017، لە دیدارێکدا لە نێوان د. ئیڤ ئەنجیلۆ، سەرۆک و دامەزرێنەری رێکخراوی یارییەکانی ئاشتی جیھانی و ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، ھەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی درێژەدان بە خوێندنی ئەو قوتابییە ئاوارانەی سووریا دووپات کردەوە کە بەھۆی بارودۆخی ئێستای سووریا، لە خوێندن دابڕاون، ھەر لە دیدارەکەدا ئەحمەد گەرمیانی، بەناوی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان تەواوی پاڵپشتی خۆی بۆ پرۆژەی ھاوبەشی نێوان رێکخراوەکەو زانکۆی ئیلزی ئیرلەندی دووپات کردەوە، تا قوتابیانی دابڕاوی سووریا لە رێگەی ئۆنلاینەوە درێژە بەخوێندنی خۆیان بدەن و لە کاتی ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی سووریا بە بڕوانامەوە بگەڕێنەوەو چارەنووسیان نەفەوتێت.
ھەروەھا سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان ئاماژەی بەوەش کرد: "رەخساندنی ھەلی خوێندن یەکێکە لە بنەماکانی یۆنیسکۆ، بۆیە ئێمە بە ھەموو شێوەیەک پشتگیریی لێدەکەین، بەتابەتیش ئێستا خوێندن بۆ ھەمووان دروشمێکی نێودەوڵەتییە".
خوێندنی ئۆنلاین ھاوشانی خوێندنی ئاساییە لە سووریا و دەرچووان لەکاتی گەڕانەوەیان دەتوانن لە بوارە جیاجیاکانی پسپۆڕییەکانیان خزمەت بکەن و راستەوخۆ بڕوانامەکانیان پەسند دەکرێت.
باسنيوز
