ئەندامێکی جڤاتی گشتیی گۆڕان: لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان کۆبوونەوە ئەنجام دەدەین
خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان،ڕایگەیاند: "لەسەر پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی شەممە ١١/٨/٢٠١٧ جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، کۆ دەبێتەوە، ئەوکاتە ھەڵوێستی فەرمی خۆمان لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕادەگەیەنین".
ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتی، ئەوەشی خستە روو: "بزووتنەوەی گۆڕان، بڕیاری تاک لایەنە نادات، چونکە ئێمە خاوەنی جڤاتی گشتی، جڤاتی نیشتمانی و خانەی ڕاپەڕاندنین، بۆیە لەکاتی تاوتوێکردنی ھەر پرسێکدا، ئێمە کۆبوونەوەی خۆمان دەکەین و ئەوکاتەش ھەڵوێستی خۆمان لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ پارت و لایەنە سیاسییەکان ڕادەگەیەنین".
ئاشکراشی کرد: "دەمانەوێ پەرلەمان کارابکرێتەوە، بەڵام بەو شێوەیەی ئیش و کارەکان وەک خۆی بەڕێوە بچێت، نەوەک دەستێوەردانی تێدا ھەبێت".
خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، گوتیشی: "گۆڕان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ئامادەیە لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەکاندا کۆبوونەوە ئەنجام بدات، چونکە ھەموومان لەسەر ئەم خاکە دەژین دواجار مێزی گفتوگۆ باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان".
باسنیوز
