حزبێکی تورکمانی دەستی بە بانگەشە بۆ (بەڵێ) لە ریفراندۆمدا کرد

 حزبێکی تورکمانی دەستی بە بانگەشە بۆ (بەڵێ) لە ریفراندۆمدا کرد
یەکەم حزبی تورکانی دەستی بە بانگەشەکانی کرد بۆ سەرخستنی ریفراندۆم و کۆکردنەوەی دەنگی (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی کوردستان.



عیرفان کەرکووکلی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، کە حزبەکەی ئەندامی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک هەیە، بە (کوردستان 24)ی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کوردستان گەرەنتیی ئەوەیان وەرگرتووە، کە مافەکانی گەلی تورکمان لە دەوڵەتی کوردستاندا دەپارێزرێت.



عیرفان کەرکووکلی هەروەها رایگەیاندووە، کە چارەنووسی هەردوو گەلی تورکمان و کورد بەیەکەوە بەستراوە و لەسەر یەک ”خاکی پیرۆز“ دەژین، بۆیە ئەوان دەست بە بانگەشەکردن بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکەن.



وەک لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیاردرا، رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت.





باسنیوز
Top