ئەندامانی شاندی کوردستان بۆ بەغدا دیاری دەکرێن
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، کە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم ئەو دەسەڵاتەی بە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی، داوە.
فازڵ میرانی هەروەها رایگەیاندووە، کە رۆژی دووشەممە 7\8\2017، مەسعود بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ ناوی ئەندامانی شاندی کوردستان بۆ سەردانیکردنی بەغدا، دیاری دەکەن.
ئەو شاندە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات، هەروەک شاندی دیکە بۆ سەردانی وڵاتانی دراوسێ، عەرەبی و جیهانی دروست دەکرێت.
وەک لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیاردرا، رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
باسنيوز
