بارزانی: خوشک و برا مەسیحییەکان لە ئازار و سەرکەوتنەکانی کوردستان ھاوبەشن

بارزانی: خوشک و برا مەسیحییەکان لە ئازار و سەرکەوتنەکانی کوردستان ھاوبەشن
ئەمڕۆ یەکشەممە، بارزانی، بە بۆنەی یادی ڕۆژی شەھیدی کلدان سریان ئاشووری، پەیامێکی بڵاو کردەوە.



ئەمڕۆ یەکشەممە 6/8/2017 مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە بۆنەی یادی ڕۆژی شەھیدی کلدان سریان ئاشووری، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێدا ئەوەی خستووەتەڕوو: "ھەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی ھەموو شەھیدانی کوردستان و شەھیدانی کۆمەڵکوژییەکەی سێمێل دەنێرین، کە لەسەر دەستی ڕژێمی ئەو کاتی عێراق لە 7ـی 8ـی 1933 ئەنجام درا و ژمارەیەکی زۆری خوشک و برا مەسیحییەکانمان بە شێوەیەکی دڕندانە شەھید کران".



بارزانی لەو پەیامەیدا، ئەوەشی روون کردووەتەوە: "کۆمەڵکۆژییەکەی سێمێل بەشێکە لەو نەھامەتی و کارەساتانەی کە بەسەر ھەموو خەڵکی کوردستاندا ھاتووە، بەڵگەیەکی بەھێزیشە لەسەر ئەوەی لە دەوڵەتی عێراقدا نەک تەنیا شەراکەت مانای نەبووە، بەڵکو جینۆساید، قڕکردن و کۆمەڵکوژی، بەشی پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکاندا بووە".


دەقی پەیامەکە:



بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان



بەبۆنەی یادی ڕۆژی شەھیدی کلدان سریان ئاشووری، ھەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی ھەموو شەھیدانی کوردستان و شەھیدانی کۆمەڵکوژییەکەی سێمێل دەنێرین کە لەسەر دەستی ڕژێمی ئەو کاتی عێراق لە 7ـی 8ـی 1933 ئەنجام درا و ژمارەیەکی زۆری خوشک و برا مەسیحییەکانمان بە شێوەیەکی دڕندانە شەھید کران.



کۆمەڵکۆژییەکەی سێمێل بەشێکە لەو نەھامەتی و کارەساتانەی کە بەسەر ھەموو خەڵکی کوردستاندا ھاتووە و بەڵگەیەکی بەھێزیشە لەسەر ئەوەی لە دەوڵەتی عێراقدا نەک تەنیا شەراکەت مانای نەبووە، بەڵکو جینۆساید و قڕکردن و کۆمەڵکوژی بەشی پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکاندا بووە.



لە یادی 84 ساڵەی ئەو کارەساتە کە ھاوکاتە لەگەڵ سێیەمن ساڵیادی پەلاماری دڕندانەی داعش بۆ سەر خوشک و برا مەسیحییەکان و پێکھاتەکانی تر لە دەشتی نەینەوا، ئەوە دووپات دەکەمەوە کە خوشک و برا مەسیحییەکان لە ڕابردوو، ئێستا و ئاییندەدا لە ئازار و سەرکەوتنەکاندا لەگەڵ ھەموو پێکھاتەکانی تری کوردستان ھاوچارەنووس و ھاوبەشن.

ئێستاش کە گەلی کوردستان بەرەو سەربەخۆیی ھەنگاو دەنێت، ماف و داواکاریی خوشک و برا مەسیحییەکان لە کوردستان لە ھەموو قۆناغەکاندا پارێزراو دەبێت و برایەتی و پێکەوەژیان لە کوردستان پتەوتر دەبێت.



تاکە دەرمانی ھەموو ئازارەکانمان، تاکە زامن بۆ دووبارەنەبوونەوەی کارەساتەکان ئەوەیە کە بەرەو سەربەخۆیی ھەنگاو بنێین.
bas news-
Top