نووسەرێكی ناوداری عەرەب: كورد قبوڵ ناكا لە سایەی ڕژێمی حەشدی شەعبیدا بژی
خەیروڵا خەیروڵا نووسەر و راگەیاندنكاری ناوداری عەرەب لە گوتارێكیدا بە ناونیشانی (كورد و سەربەخۆیی.... كۆمكاری عەرەبی)، پشتیوانی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كردووە و رایگەیاندووە ناشێ كورد قبووڵ بكەن لەژێر سایەی رژێمێكدا بژین، كە حەشدی شەعبی كۆڵەكە سەرەكیەكەی بێت.
ئەم وتارە ئەمڕۆ لە رۆژنامەی (ئەلعەرەب) بڵاوبووەتەوە، كە یەكەم رۆژنامەی عەرەبی رۆژانەیە لە ساڵی 1977ەوە لە لەندەن دەستی بە وەشان كردووە. تیایدا هاتووە "كورد ناتوانن ژیان لە سایەی رژێمێكدا قبووڵ بكەن كە حەشدی شەعبی كۆڵەكە سەرەكیەكەی بێت، پێویستە ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی لەوە تێبگات، هەروەها باشتر وابوو ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی هەڵوێستی بەرانبەر جینۆساید و پاكتاوی تایفی لەو وڵاتە دەربڕیبوایە، كە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە ئەنجام دراون و بە یاساییش كراون".
خەیروڵا ئەوەشی نووسیوە كە كێشە نیە كۆمكاری عەرەبی هەڵوێستی خۆی لەبارەی ریفراندۆمی كوردستان دەربڕێ، بەڵكو كۆمكاری عەرەبی بە ئەركی خۆی هەڵساوە. ناكرێ كۆمكار لەم قۆناخە چارەنوسازەی عێراقدا بێ دەنگ بێت. بۆیە نامەكەی ئەبول غەیت بۆ مەسعود بارزانی سرووشتی بوو. بەڵام ئەگەر كۆمكار هەڵوێستێكی بەرانبەر دۆخەكانی ئەم دواییەی مووسڵیش پێشان دابوایە، ئەوا سرووشتیتر دەبوو. بەتایبەتی لە بەرانبەر ئەو هەڵسوكەوتانەی حەشدی شەعبی بەنێوی شەڕ لە دژی داعش دەیكا.
ئەوەشی نووسیوە كە ناشێ گلەیی لە نامەكەی ئەمینداری گشتیی كۆمكاری بكرێت، بەڵام دەشێ ئەوەمان لەبیر بێت كە كورد هەوڵ دەدەن بەگوێرەی توانا خۆیان وەكو گەلێك رزگار بكەن، كە لە نەخشەی ناوچەكەدا هەن.
لە بەشێكی تردا نووسیویەتی ئەو هەنگاوەی كورد بۆ سەربەخۆیی، دەرەنجامە نەك هۆكار. دەرەنجامی بێسەروبەری و شپرزەیی عێراقە، ئەنجامی تلانەوەی عێراقە بەدەست چینێكی دەسەڵاتدار كە وڵاتەكەیان خستووەتە ژێر سێبەری ئێران، ئێرانیش لای خۆیەوە ویستە تایفییەكانی لە عێراق بەرجەستە دەكات و دەستی بەسەر هەموو جومگەكانی وڵاتەكەدا گرتووە
خەیروڵا ئاماژەی بەوەش داوە كە كورد لە عێراقی یەكگرتوودا هیچ شوێنێكیان نەماوە. فوئاد مەعسوم سەركۆمارە كوردەكە هیچی بەدەست نیە، تەنها وێنەیەكە لەنێو چوارچێوەیەكی جواندا. لەوەتەی هۆشیار زێبارییش لە حكوومەت چووەتە دەرەوە، دوای ئەوەی وەزیری دەرەوە و دارایی بوو، كورد هیچ پێگەیەكیان لە بەغدا نەما.
bas news-
