دکتۆر محەممەد شاکر: ریفڕاندۆم ئەرکێکی ئایینییە
دکتۆر (محەممەد شاکر) راگری کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سەڵاحەددین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ریفڕاندۆم مافێکی شەرعی و یاساییی خەڵکی کوردستانە و ئێمە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کار بۆ سەرخستنی بکەین".
ناوبراو ئاشکرای دەکات، سبەی رۆژی دووشەممە لە سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی زانکۆی سەلاحەددین کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، بە ھاوکاریی کۆڕبەندی ھزری ئیسلامی، پانێڵی (ریفڕاندۆم، ناسنامەیەک بۆ گەل و پێناسەیەک بۆ نیشتیمان) بەڕێوە دەبات، "لەو پانێڵەدا لە ڕووی یاسایی و مێژوویی باس لە رەھەندەکانی ریفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و سێ کەسی شارەزا و پسپۆر پانێڵەکە بەڕێوە دەبەن".
راگری کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، لە رووی شەرعەوە ریفڕاندۆم بە ئەرکێکی دینی دەزانێت و دەڵێت: "دەنگدانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکان بە (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی، ئەرکێکی ئایینییە، چونکە دەبێتە هۆی نەهێشتنی زوڵم و ستەم بە سەر گەلەکەمانەوە"، روونیشی دەکاتەوە، "لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا ھاتووە و بە گوێرەی دەقە شەرعیەکان و قورئانی پیرۆز، لابردنی زوڵم واجبە"، پێشی وایە ریفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستانیش یەکێک لە ھەنگاوەکانە بۆ لابردنی ئەو زۆڵمەی لە خەڵکی کوردستان دەکرێت، نموونەش بە بڕینی بودجە و ئەو هەموو کارەساتە دێنێتەوە کە بەسەر ئەم گەلەدا هاتووە و گوتی: "ئەو زوڵم و غەدرەی کە لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا لە گەل و نیشتیمانی ئێمە کراوە، ئەگەر خوا نەخواستە ئەمجارە دەرفەت لە کیس بدەین، ئەوە بۆ سەد ساڵی داھاتوو ئەو زوڵم و زۆرە بەردەوامی دەبێت".
لە پێناو دووبارەنەبوونەوەی زوڵم بەسەر گەلی کورددا، (دکتۆر محەممەد) داواکارە لە هاووڵاتیانی کوردستان دەنگیان (بەڵێ) بێت بۆ ریفراندۆم و بەشداری لەو پرسە نیشتیمانی و ئاینییەدا بکەن.
kdp-
