سۆفی: ھیچ پاساوێک بۆ کارانەکردنەوەی پەرلەمان نەماوە
(د. فرسەت سۆفی)، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێستا ھیچ پاساوێک بۆ کارانەبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان نەماوە، پێشتر پاساوی ئەوە هەبوو، کە پارتی داوای گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی دەکرد، بەڵام پارتی ئەو مەرجەی لا بردووە و ھیچ پاساوێکی نەھێشتووتەوە بۆ کارانەکردنەوەی پەرلەمان، ئەگەر لایەنێک بیەوێت نەیەتەوە پەرلەمان، ئەوا پێویستە لایەنەکانی دیکە کار بۆ ئەوە بکەن پەرلەمان کارا بکرێتەوە، ئێمە وەک پارتی تا ڕاددەیەک دەتوانین چاوەڕێی گۆڕان بکەین، چونکە تاکە داواکاریی گۆڕان ئەوە بوو بەبێ مەرج بگەڕێنەوە پەرلەمان، کە مەرجەکان لابراون، ئەوە بۆ ماوەی سێ حەفتەیە چاوەڕێیانین.''
پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێناو سەرخستنی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستاندا ئامادەییی نیشان داوە بۆ چارەکردنی پرسە نێوخۆیییەکانی کوردستان نەرمی بنوێنێت و کۆمیتەی باڵای ڕیفڕاندۆمیش بڕیاری داوە، لایەنەکان کار بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بکەن .
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''گۆڕان نایەتە پێش بەرپرسیارەتیی زیاتر لە ئەستۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندایە، دەبێ ئەوان ھەڵوێستیان ھەبێت و قەناعەت بە گۆڕان بێنن، ئینجا ڕۆژەکە کەیە؟ نازانم.''
دکتۆر (فرسەت سۆفی) گوتیشی: ''ئێمە ھیچ نییەتێکی دیکەمان لەبارەی پەرلەمانەوە نییە، ھەموو ھەوڵێک دەدەین، کە ھەموو لایەنەکان بەشدار بن، بەڵام لایەنێک نایەت، ناکرێت ئەم وڵاتە بکەینە قوربانیی لایەنێک، حاڵەتێکی ئاسایییە ئەگەر گۆڕان بیەوێت ببێتەوە ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام دەبێ لایەنەکانی دیکە بێن پەرلەمان کارا بکەنەوە، تا ھەڵبژاردنی داھاتوو چی پێویستە بکرێت، ئێمە یەکەم ئامانجمان بۆ ئەوەیە پەرلەمان کارا بکرێتەوە، ئەگەر ھێزێک نەیەت، با لایەنەکانی دیکە بێن و ھەڵوێستیان ھەبێت.''
kdp-
