سەرۆک بارزانی: ماف و داواكاریی خوشك و برا مەسیحییەكان لە كوردستان لە هەموو قۆناغەكاندا پارێزراو دەبێت
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی یادی ڕۆژی شەهیدی كلدان سریان ئاشووری هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی هەموو شەهیدانی كوردستان و شەهیدانی كۆمەڵكوژییەكەی سێمێل دەنێرین كە لەسەر دەستی ڕژێمی ئەو كاتی عێراق لە 7ـی 8ـی 1933 ئەنجام درا و ژمارەیەكی زۆری خوشك و برا مەسیحییەكانمان بە شێوەیەكی دڕندانە شەهید كران.
كۆمەڵكۆژییەكەی سێمێل بەشێكە لەو نەهامەتی و كارەساتانەی كە بەسەر هەموو خەڵكی كوردستاندا هاتووە و بەڵگەیەكی بەهێزیشە لەسەر ئەوەی لە دەوڵەتی عێراقدا نەك تەنیا شەراكەت مانای نەبووە بەڵكو جینۆساید و قڕكردن و كۆمەڵكوژی بەشی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكاندا بووە.
لە یادی هەشتاوچوار ساڵەی ئەو كارەساتە كە هاوكاتە لەگەڵ سێیەمن ساڵیادی پەلاماری دڕندانەی داعش بۆ سەر خوشك و برا مەسیحییەكان و پێكهاتەكانی تر لە دەشتی نەینەوا، ئەوە دووپات دەكەمەوە كە خوشك و برا مەسیحییەكان لە ڕابردوو و ئێستا و ئاییندەدا لە ئازار و سەركەوتنەكاندا لەگەڵ هەموو پێكهاتەكانی تری كوردستان هاوچارەنووس و هاوبەشن.
ئێستایش كە گەلی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت ماف و داواكاریی خوشك و برا مەسیحییەكان لە كوردستان لە هەموو قۆناغەكاندا پارێزراو دەبێت و برایەتی و پێكەوەژیان لە كوردستان پتەوتر دەبێت.
تاكە دەرمانی هەموو ئازارەكانمان و تاكە زامن بۆ دووبارەنەبوونەوەی كارەساتەكان ئەوەیە كە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێین.
kdp-
