بەشارەتی: ئەوانەی بە ناوی خەڵکەوە دژایەتیی ڕیفراندۆم دەکەن ھەڵسوڕاوی خەڵکی دیکەن
(فازل بەشارەتی)، بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە بە ماڵپەڕری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ناکرێت ئەوکەسانەی دژایەتیی پرۆسەی ڕیفراندۆم دەکەن، کە مافێکی سروشتیی خەڵکی کوردستانە، بە ناوی ئەوانەوە قسە بکەن، چونکە ئەمانە ھەڵسوڕاوی کەسانی دیکەن و کار بۆ ئەوان دەکەن، بۆ ئەوەی دژایەتیی پرۆسەی ڕیفراندۆم بکەن.''
(فازل بەشارەتی) گوتی: ''خەڵکی کوردستان گوێ لەم جۆرە کەسانە ناگرێت و پێویستیش ناکات حیسابیان بۆ بکرێت، چونکە ئەمانە ھیچ دەسەڵات و پێگەیەکیان لە ھەرێمی کوردستاندا نییە، بۆ ئەوەی کاریگەرییان بەسەر ئەو پرۆسەیەوە ھەبێت و خەڵکی کوردستان قوربانیی زۆری داوە و پشتگیری لەو پرۆسەیە دەکەن، چونکە بە مافی خۆیانی دەزانن.''
(بەشارەتی) ڕوونیشی کردەوە: ''ئەگەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی ئاستی نەتەوەییەوە بەراورد بکەین بەو وڵاتانەی خاوەن ئازادی و سەروەریی خۆیانن، ئێمە بە چەندین جار لەوان پێشکەوتووترین، بۆیە بوونی ئەو ڕایە کەمانە، ھیچ کاریگەریی لەسەر پرۆسەی ڕیفراندۆم نابێت و ھەمووان لەو پرۆسەیەدا بەشدای دەبن و بە (بەڵێ) دەنگی خۆیان دەدەن.''
بڕیارە لە ٢٥/٩ی ئەمساڵدا پرۆسەی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەڕێوە بچێت و ئێستاش ھەموو ئامادەکارییەک بۆ ئەو پرۆسەیە ئەنجام دراوە.
kdp-
