بەشارەتی: ئەوانەی بە ناوی خەڵکەوە دژایەتیی ڕیفراندۆم دەکەن ھەڵسوڕاوی خەڵکی دیکەن

بەشارەتی: ئەوانەی بە ناوی خەڵکەوە دژایەتیی ڕیفراندۆم دەکەن ھەڵسوڕاوی خەڵکی دیکەن
ئێستا لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان کەمپینی (بەڵێ) بۆ ڕیفراندۆم دروست دەکرێت و ھەردوێنێش لە پارێزگای سلێمانی کەمپینێکی (بەڵێ) بۆ ڕیفراندۆم ڕاگەیەندرا، بەڵام کەسانێک لە ھەوڵی ئەوەدان دژایەتیی ئەو پرۆسەیە بکەن. لەوبارەیەوە بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە دەڵێت، ئەمانە ناتوانن بە ناوی خەڵکی کوردستانەوە قسە بکەن و ھەڵسوڕاوی خەڵکی دیکەن و بۆ ئەوان کار دەکەن.

(فازل بەشارەتی)، بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە بە ماڵپەڕری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ناکرێت ئەوکەسانەی دژایەتیی پرۆسەی ڕیفراندۆم دەکەن، کە مافێکی سروشتیی خەڵکی کوردستانە، بە ناوی ئەوانەوە قسە بکەن، چونکە ئەمانە ھەڵسوڕاوی کەسانی دیکەن و کار بۆ ئەوان دەکەن، بۆ ئەوەی دژایەتیی پرۆسەی ڕیفراندۆم بکەن.''

(فازل بەشارەتی) گوتی: ''خەڵکی کوردستان گوێ لەم جۆرە کەسانە ناگرێت و پێویستیش ناکات حیسابیان بۆ بکرێت، چونکە ئەمانە ھیچ دەسەڵات و پێگەیەکیان لە ھەرێمی کوردستاندا نییە، بۆ ئەوەی کاریگەرییان بەسەر ئەو پرۆسەیەوە ھەبێت و خەڵکی کوردستان قوربانیی زۆری داوە و پشتگیری لەو پرۆسەیە دەکەن، چونکە بە مافی خۆیانی دەزانن.''

(بەشارەتی) ڕوونیشی کردەوە: ''ئەگەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی ئاستی نەتەوەییەوە بەراورد بکەین بەو وڵاتانەی خاوەن ئازادی و سەروەریی خۆیانن، ئێمە بە چەندین جار لەوان پێشکەوتووترین، بۆیە بوونی ئەو ڕایە کەمانە، ھیچ کاریگەریی لەسەر پرۆسەی ڕیفراندۆم نابێت و ھەمووان لەو پرۆسەیەدا بەشدای دەبن و بە (بەڵێ) دەنگی خۆیان دەدەن.''

بڕیارە لە ٢٥/٩ی ئەمساڵدا پرۆسەی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەڕێوە بچێت و ئێستاش ھەموو ئامادەکارییەک بۆ ئەو پرۆسەیە ئەنجام دراوە.
kdp-
Top