"لەم حەفتەیەدا بڕیاری کردنەوەی نووسینگەکانی کۆمسیۆن بۆ ناوچە کوردستانییەکان دەدرێت"

بەڕێوبەری گشتیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕیفراندۆم و ھەڵبژاردنەکان ٣٧ ملیار دیناری تەرخان کرد و ئەنجومەنی کۆمسیارانیش لە کۆبوونەوەی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی وڵامی سەرۆکایەتیی ھەرێم دەربارەی وادەی ھەڵبژاردنەکان بداتەوە.. گوتیشی، لەم حەفتەیەدا بڕیار دەدرێت بە کردنەوەی نووسینگەکانی کۆمسیۆن لە ناوچە کوردستانییەکاندا.

(کاروان جەلال) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئەنجومەنی کۆمسیاران لەبارەی وڵامدانەوەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی ھەرێم لەم ساڵدا کۆ بووەوە و کۆبوونەوەکانیش بەردەوام دەبن، تاوەکو دەگەنە ئەنجامێک.

(کاروان جەلال) گوتی: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە مانگی پێنجەوە ٢٠ ملیار دیناری بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی ھەرێم تەرخان کردووە و دواتریش ١٧ ملیاری دیکەی بۆ ڕیفراندۆم تەرخان کردووە، کە دەکاتە ٣٧ ملیار دینار.''

(جەلال) ڕوونیشی کردەوە: ''بڕیار وایە لەم حەفتەیەشدا ئەنجومەنی کۆمسیاران بڕیاری کردنەوەی نووسینگەی کۆمسیۆن بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بدات، بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ ڕیفراندۆم بکەن.''
kdp-
Top