''جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی کوردستان لە دڵمەوە نیزیکە''

''جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی کوردستان لە دڵمەوە نیزیکە''
بەڕێوبەری گشتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، شاندی حکوومەتی عێراق زۆر ھەوڵیان دا، ئەمەریکا دژایەتیی ڕیفراندۆم بکات، بەڵام ئەوان بە ھیچ جۆرێک ڕازی نەبوون و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش گوتی، کوردستان لە دڵییەوە نیزیکە.

عەمید (ھەڵگورد حیکمەت)، بەڕێوبەری گشتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە سەردانەکەماندا بۆ ئەمەریکا داوامان لە بەرپرسانی ئەمەریکا کرد پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانیان بەرامبەر بە کورد بکەن، چونکە کورد ھاوپەیمانەتییەکی جددیی ئێوەیە و تاکو ئێستاش یەک سەربازی ئێوە لە ھەرێم پەنجەیەکی لەخوێن نەھاتووە، لە وەڵامدا جێگری وەزیری دەروەی ئەمەریکا باسی لەوە کرد، کوردستان لە دڵمەوە نیزیکە."

عەمید (ھەڵگورد حیکمەت) گوتیشی: ''شاندە عێراقییەکە زۆر ھەوڵیان دا باسی ڕیفراندۆم بکەن و ئەمەریکا دژی بێت، بەڵام نە وەزارەتی دەرەوە و نە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بە ھیچ جۆرێک دژایەتیی ڕیفراندۆمیان نەکرد و ھەوڵەکانی ئەوان سەرکەوتوو نەبوو و بگرە ھەڵوێستیان زۆر ئیجابی بوو.''

ئەو بەرپرسەی وزارەتی پێشمەرگە ڕوونیشی کردەوە: ''ئەمەریکییەکان وا تێگەیندرا بوون، کە لە کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا پێشمەرگە لە شەڕی داعش دەکشێتەوە و کاریگەریی بەسەر ئەو شەڕەوە دەبێت، بەڵام ئێمە دڵنیامان کردنەوە، کە ھێزی پێشمەرگە ھاوپەیمانی ئێوەیە و شەڕی تیرۆریستانی داعش لە ھەرکوێیەک ھەبێت و ھەرگرووپێکی تیرۆریستی ھەبێت، ئێمە شەڕی ئەوان دەکەین و ئەوەی دەگوترێت بەرامبەر پێشمەرگە ھیچی ڕاست نییە.''

عەمید (ھەڵگورد حیکمەت) گوتیشی: ''ئەوان زۆریان پێ خۆش بوو وەڵامی ئەو پرسیارە وەربگرنەوە لەبارەی شەڕی ھێزی پێشمەرگە بەرامبەر داعش، کاتێ بۆمان روونکردنەوەوە، ئەوان زۆر بەم ھەڵوێستەی ئێمە دڵخۆش بوون.''

حەفتەی ڕابردوو شاندێکی ھاوبەشی شانەی جەنگیی وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی ئەمەریکایان کرد و لەگەڵ ھەردوو وەزارەتی بەرگری و دەرەوە و بەرپرسانی ئەمەریکا چەندین دیدار و کۆبوونەوەیان ئەنجام دا.
kdp-
Top