عەبدولڕەحمان مستەفا: نابێ بەوە رازیبین کە کەرکووک لە هەڵبژاردنەکاندا حاڵەتێکی تایبەتی پێبدرێت

 	 عەبدولڕەحمان مستەفا: نابێ بەوە رازیبین کە کەرکووک لە هەڵبژاردنەکاندا حاڵەتێکی تایبەتی پێبدرێت
کورد پێداگرە لەسەر ئەوەی نابێ بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کەرکووک جیا بکرێتەوە و پارێزگاری پێشووی کەرکووکیش دەڵێت، پێویستە کورد بە ھیچ حاڵەتێکی تایبەت بە کەرکووک ڕازی نەبێت.

(عەبدولڕەحمان مستەفا)، پارێزگاری پێشووی کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پێویستە کورد ھەموو تواناکانی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی لە ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا ھیچ تایبەتمەندییەک بە کەرکووک نەدرێت و ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکیش لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراق بکرێت، چونکە خەڵکی کەرکووک لە دوای ساڵی ٢٠٠٥وە بەشداری نەکردووە لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و زیانی زۆر بەر پارێزگاکە کەوتووە.''

بە پێی یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە ھۆی جێبەجێنەکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق لە دوو خولی ڕابردوودا ھەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام دراوە و کەرکووک بێبەش کراوە لەو مافەی، ئەوەش بووەتە ھۆکاری ئەوەی ئەنجومەنی کەرکووک دەسەڵاتی تەواوی پێ نەدرێت لە لایەن حکوومەتی بەغداوە.

(عەبدولڕەحمان مستەفا) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ئەوەی کێشەی بۆ کەرکووک دروست کردووە، ماددەی ٣٧ی یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراقە، کە کەرکووکی جیا کردووەتەوە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، پێویستە ئەمجارە کورد و نوێنەرانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕژد بن لەسەر ئەوەی یاساکە بەو شێوەیە ھەموار بکرێتەوە، کە کەرکووک جیا نەکرێتەوە و ھیچ حاڵەتێکی تایبەتی پێ نەدرێت، چونکە بەو شێوەیەی ئێستا لە بەرژەوەندیی کورددا نییە.''
kdp-
Top