گوتەبێژی یەکێتی: ھەوڵێکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ھەیە

 گوتەبێژی یەکێتی: ھەوڵێکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ھەیە
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە ھەوڵێکی باش ھاتووەتە پێشەوە بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان، بەڵام پێویستە ھەموو حزبەکان دەستپێشخەری زیاتر بکەن، بۆ ئەوەی کۆبوونەوە ئەنجام بدەن و کێشەکانی ئێستا چارەسەر بکەن.

سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "ھەفتەی داھاتوو یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە و نەخشەڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دادەڕێژن، دواتر کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەست پێ دەکات، بێگومان کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن تا ئەوکاتەی ھەموومان پێکەوە ڕێگەچارەیەکی گونجاو بۆ کێشەکان دەدۆزنەوە".

گوتەبێژەکەی یەکێتی، ئەوەشی خستە روو: "ئەوەی پێویست بێت بۆ ئاساییکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، بەبێ مەرج کراوە و کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ ١٢ی ئەم مانگە ئەویش تەواو بووە، بەڵام ئەگەر ھەموومان بەجدی لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆبوونەوە بکەین، بێگومان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ھەنگاوێکی زۆر باش دەبێت".

ئاشکراشی کرد: "ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی بزووتنەوەی گۆڕاندایە، چونکە ئەوان ھەڵبژاردنی ناوخۆیان کردووە و ڕێکخەری گشتیان ھەڵبژاردووە، بۆیە پێویستە گۆڕان لەگەڵ پارتی کۆبوونەوەی دوو قۆڵی ئەنجام بدات، تاکو دەرئەنجامێک بۆ ئەم کێشانە بدۆزرێتەوە، چونکە ناکرێ ئەم بارودۆخە بەم شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە و ھیچ لایەنێکیش ھەوڵی چارەسەرکردنی نەدات".

سەعدی پیرە، گوتیشی: "دوای کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی، دواتر گۆڕان و پارتی کۆدەبنەوە، بێگومان ھەرکاتێک گۆڕان و پارتی پێکەوە کۆبوونەوە ئەنجام بدەن، ئەوکاتە چەندین فکرەی باش دێتە پێشەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".












باسنیوز
Top