فەلاح مستەفا: ئەمریکا پێی ڕاگەیاندووین وێڕای جیاوازیی بۆچوونەکان وەک هاوبەشێک لەگەڵماندا دەمێنێتەوە

 فەلاح مستەفا: ئەمریکا پێی ڕاگەیاندووین وێڕای جیاوازیی بۆچوونەکان وەک هاوبەشێک لەگەڵماندا دەمێنێتەوە
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە پێیان خۆشە ئەو پەیوەندییە بەھێزەی لەگەڵ ئەمریکا ھەیانە، پتەوتر و بەھێزتر بێت و ببێتە ھاوبەشییەکی درێژخایەن، بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نایەت کە دەستبەرداری مافی سەربەخۆبوون بین.

فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: "ماوەیەکە ئیدارەی ئەمریکا، ئاگاداری ئێمەیان کردەوە کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕوو دەدات، بەڵام تاکو ئێستا پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە ڕووی نەداوە".

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستە روو: "ئێمە دەزانین ھەڵوێستی ئەمریکا چۆنە، چ لە ڕێگەی باڵیۆزەکەیان لە بەغداوە، چ لە ڕێگەی ھاتنی نێردراوی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ھاوپەیمانی لە دژی داعش، ئێمەش لە ھەرێمی کوردستان ھەڵوێستی خۆمانمان بۆیان شی کردووەتەوە کە ئەو بڕیارە چۆن ھاتە کایەوە و بۆچی دراوە، ئێمە تێدەگەین کە ئەوان بەرنامە و بەرژەوەندیی خۆیان ھەیە و ھەرێمی کوردستانیش بەرژەوەندیی خۆی ھەیە".

ئاشکراشی کرد، بابەتی بڵاوکردنەوەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە لە نێوان وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ”ھەڵەیەک بووە“، پاش ئەوەی زانیارییەکان بڵاو کرانەوە، ئەوان زانیارییەکانیان تەئکید کردووەتەوە و پەیوەندییان لەگەڵ کونسوڵگەریی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر کرد، ئەوانیش ”داوای لێبووردنیان کرد کە دیارە ھەڵەیەک بووە".

فەلاح مستەفا، جەختی لەوەش کردەوە: "ئێمە ڕێز لە وڵاتانی دۆست و ھاوپەیمان دەگرین، پێمان خۆشە ئەو پەیوەندییە بەھێزەی لەگەڵ ئەمریکا ھەمانە، پتەوتر و بەھێزتر بێت و ببێتە ھاوبەشییەکی درێژخایەن، بەڵام مانای ئەوە نایەت کە ئێمە دەستبەرداری مافی خۆمان بین، چونکە مافی چارەی خۆنووسین لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ھەموو گەلان دراوە، ھەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە ئاشتییانە ئەو مافەی بە دەست بھێنێت، ئەم ڕێگەپێدانەی گەلی کوردستان بۆ سەرکردایەتیی ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەیە بچینە نێو زنجیرەیەک گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، بەڵام کاتێک ئەمریکا نیگەرانی لەسەر کاتەکەی دەردەبڕێ و دەڵێ لەگەڵ بەرنامەکەی ئێمە ناگونجێت، ئەوا ئێمە وای بۆ ناچین و ھەمان تێڕوانینمان نییە، ئێمە پابەندبوونی خۆمان لە شەڕی دژ بە داعش دووپات کردووەتەوە، لە ئێستا و ئایندەشدا ئامادە و ھاوبەشێکی سەرەکین لە شەڕی دژ بە داعش، ھەروەھا بەشداریش دەبین تاکو بتوانین پشتیوانی لە حەیدەر عەبادی و سەرکردە میانڕەوەکان بکەین".

ئاماژەی بەوەش دا کە ئەوان جەختیان لەوە کردۆتەوە کە تەنانەت ئەگەر بۆچوونی جیاوازیشیان لەسەر کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ھەبێت، ئەوە جیایان ناکاتەوە و پەیوەندییان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێ و لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھاوبەشن، کوردستان کاتێک بڕیاری ڕیفراندۆمیان داوە، دەبێ ئامادەبیت بۆ کاردانەوەکان، تائێستا کاردانەوەکان ئاسایی بوون، چونکە پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتان تەنیا لە بەرژەوەندیی کوردستان نییە، بەڵکو لە بەرژەوەندیی ئەوانیشە، ھەرێمی کوردستان وەکو خۆی و دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان، کە سوود لە کاڵاکان وەردەگرن، کوردستان دەروازەیەکە بۆ عێراقیش، بۆیە وڵاتان سوودیان لەو پەیوەندییەیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان وەرگرتووە.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە ھەوڵ دەدەن لەگەڵ وڵاتان لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن، تاکو ڕوونی بکەنەوە کە ھەرێمی کوردستان فاکتەری سەقامگیرییە و خوازیاری پەیوەندییەکی دۆستانەیە و ھەڕەشە نییە بۆ ئەو وڵاتانە. بۆیە دەڵێت: ”بڕوا ناکەم ھیچ یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ سنوورەکانیان دابخەن، یان ئاڵوگۆڕی ئابووری و بازرگانی ڕابگرن، چونکە دەبێتە زیان بۆ ھەردوولا، ھەردوو وڵات (ئێران و تورکیا) کە گفتوگۆمان لەگەڵدا دەکەن، ئێمە بە ھاوبەش و دراوسێی باش دەبین، پەیوەندیی باش و لە مێژینەمان لەگەڵ ئێران و تورکیا ھەیە، بۆیە لە ھەندێک بازرگان بترازێ کەسی تر نییە ئەو دڵەڕاوکێیانەیان لەنێو خەڵکیدا دروست کردووە، ئەگینا ھیچ بابەتێکی لەو جۆرە لەئارادا نییە".









باسنیوز
Top