سەعدی ئەحمەد پیرە: ئەگەر گۆڕانیش نەیەتە پێشەوە دەبێت چارەیەک لە پەرلەمان بکرێت
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دوێنێ شەممە 5/8/2017 لەلایەن مەکتەبی سیاسیی حزبەکەیەوە دەستنیشان کرا، ئەمڕۆ بە کەناڵی (کوردستان 24)ی ڕاگەیاند، هەوڵەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان لەو وادەیەی دیاری کراوە، بەردەوامە و کار لەسەر ئەوە دەکەن کە پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان کۆببنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش یەکێتی هەوڵی سەرگرتنی کۆبوونەوەکە دەدات.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پێویستە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە. گوتیشی: ”ئەگەر لایەنەکان بەیەکەوە دابنیشن، پارتی و گۆڕان کۆببنەوە و هەموو لایەک ڕازی ببن، کاراکردنەوەی پەرلەمان کەمتر لە 24 کاتژمێری دەوێت، چونکە بابەتی ئاساییکردنەوەی پەرلەمان جێگیر بووە، بەڵام دەبێ لایەنەکان پێکەوە دابنیشن و ڕێک بکەون، ئەگینا چ سوودێکی هەیە پەرلەمان کارا بکرێتەوە و بۆ چوارگۆشەی یەکەم بگەڕێینەوە؟“.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتەبێژی فەرمیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی کەمکردنەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران ڕای گەیاند: ”ئێمە نوێنەری خەڵکین نەک نوێنەری حکوومەت، بەڵام دەبێ لەگەڵ دامەزراوەکانی دارایی لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆ بکەین، هەروەها ئەوانەی سەرپەرشتیی بازرگانی و بزنس لەم هەرێمە دەکەن، تا بزانین ئامارەکان چەندە ئیجابین و دەتوانن چ بگۆڕن؟ ئەو ئامارانەی قوباد تاڵەبانی و یەکەکانی حزبیشمان داتا و ئاماری لایە، ئەو بابەتی بژێویی خەڵک و هەراسانبوونیان بەهۆی نەداری گەیشتووەتە بنمیچ و دەبێت چارەسەر بکرێت. پێویستە موژدەی چارەسەربوونی کێشە حکوومەت بیدات و لەگەڵ حکوومەت چارەسەری بکەین“.
باسنیوز
