جندیانی: دژایەتیکردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ململانێی حزبییە
ئازاد جندیانی، رۆشنبیر و سیاسەتمەداری ناسراوی کوردستان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ بەشی کوردی رادیۆی (دەنگی ئەمریکا)، رایگەیاندووە، ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان ”ئامانجی ستراتیژیی“ گەلی کوردستانە و ئەو رۆژەی بۆ ئەنجامدانیشی دیاری کراوە، ”گونجاوە و زۆریش گونجاوە“.
ئازاد جندیانی هەروەها رایگەیاندووە، وڵاتانی دراوسێی کوردستان هیچ کاتێک بە کاتی گونجاو بۆ سەربەخۆیی کوردستان نازانن و داوا لەو وڵاتانە و ئەمریکاش دەکات، ئەو کاتە گونجاوە ”بە دیاریکراوی“ بە گەلی کوردستان بڵێن، کە گونجاوە بۆ سەربەخۆیی.
ئەو سیاسەتمەدارە کوردە پێی وایە ئەوانەی لە ناوخۆی کوردستان دژایەتیی ریفراندۆم دەکەن و کاتەکەی بە نەگونجاو دەزانن، ”ململانێ و ناکۆکیی حزباتی“ وایان لێ دەکات دژایەتیی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بکەن.
ئازاد جندیانی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بە ناوەندێکی دروستکردنی کێشە بۆ کوردستان دەزانێت و بە پێویستی دەزانـێ گۆڕانی ”بنەڕەتی“ تێدا بکرێت، ”لهو بروایهدام ئهو دهزگاییهی که پێویستی به گۆڕینی بنهڕهتی ههیه خودی پهرلهمانه، به جۆرێک له ناوهندێکی کێشه سازهوه بۆ ناوهندێکی چارهسهرله کوردستان“.
جندیانی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ”دەبێ“ ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و دوا نەخرێت.
وەک لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیاردرا، رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
باسنیوز
