نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە برۆکسڵ ھەواڵی چەند میدیایەک بەدرۆ دەخاتەوە
پاش ئەوەی چەند میدیایەک، دەنگۆی ئەوەیان بڵاو کردەوە کە گوایە لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، سزای ھەریەک لە سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی لە یەکێتیی ئەورووپا داوە.
لەمبارەیەوە دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا (کە برۆکسلی پایتەختی بەلجیا، بە پایتەختی دیپلۆماسی ئەورووپا دادەنرێت)، لە لێدوانێکیدا، تەواوی ئەو ھەواڵەی بە درۆ خستەوە و ڕای گەیاند: ”سەرتاپای ئەو ھەواڵە دوورە لە ڕاستییەوە و ئەسڵی نییە، دەبێت ھەواڵ سەرچاوەی ھەبێت، سەرچاوەکەیان کێیە؟ با پەیوەندییان بە ئێمەوە بکردایە“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە مەبەست لە بڵاوکردنەوەی ئەو ھەواڵە، ”دوورخستنەوەی ئێمەیە لەکاری سەرەکیمان کە بەدەست ھێنانی پشتیوانییە". جەختیشی لەوە کردەوە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا، بە چالاکیی زیاتر، وەڵامی ”ئەو پروپاگەندانە“ دەدەنەوە کە لە دژیان دەکرێن.
دلاوەر ئاژگەیی، جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە سەردانەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ (برۆکسل)ی پایتەختی بەلجیکا، ”زۆر سەرکەوتوو بووە و ئامانجەکەی بەدەست ھاتووە، بەتایبەت لەگەڵ ئەو کەسانەی کە دانیشتوون و پشتیوانییان بۆ ڕیفراندۆم راگەیاندووە“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە تاوەکوو لە 25ی ئەیلوول کە ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە، نزیک ببینەوە، ”ئەو پروپاگەندانە زیاتر دەبن“ و ”چاوەڕوانی شتی دیکەش دەکەین“. گوتیشی: ”ئەو پروپاگەندانە ورەی ئێمە لاواز ناکات، بەڵکو بەھێزترمان دەکات بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکان“.
ئەوەشی روون کردەوە: "ھەم لە ئاستی ھەرێمەکان، ھەم لە ئاستی حکوومەتی بەلجیکا و پەرلەمانتارانی یەکێتیی ئەورووپا، پشتیوانییان لە ریفراندۆمی گەلی کوردستان کردووە، دانانی ئاڵای کوردستان و دانەنانی ئاڵای عێراق، نیشانەی ئەوەیە کە ئەوان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کوردستان دان".
bas news-
