فراکسیۆنی پارتی: ئاسۆیەکی روون و پڕشنگدار چاوەڕوانمانە

 	 فراکسیۆنی پارتی: ئاسۆیەکی روون و پڕشنگدار چاوەڕوانمانە
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا، پێشوازی لە هەوڵەکانی دەستبەکارکردنەوەی پەرلەمان و چارەکردنی کێشە یاسایی و سیاسییەکان ده‌كات و، ده‌خوازێ لە چوارچێوەی تەوافوق و سازانی سیاسی، سەرجەم کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارە بکرێن.

ده‌قى راگه‌یێندراوى فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ په‌رله‌مان:

لە کاتێکدا کوردستان بەرەو قۆناغێکی هەستیار هەنگاو دەنێت و گەلی کوردستان بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خۆی بە ئازادی پیادەی مافی چارەی خۆنووسین دەکات لە رێگای راپرسییەکی گشتی، ئەمەش ئاواتی لەمێژینەی گەلەکەمانە و بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خۆراگریی پێشمەرگە قارەمانەکانە.

بۆیە ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر یەکڕیزی و تەباییی هێزە سیاسییەکان پێویستە و، دەبێ ناکۆکی و جیاوازییەکان وەلا بنرێن و لە چوارچێوەی ستراتیژێکی نیشتمانی، سەرووی بەرژەوەندیی حزبی و سیاسی، خۆمان رێک خەینەوە.

هەر لەم سۆنگەیەشەوە ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە هەوڵەکانی دەستبەکارکردنەوەی پەرلەمان و چارەسەرکردنی کێشە یاسایی و سیاسییەکان دەکەین و هیواخوازین لە چوارچێوەی تەوافوق و سازانی سیاسی، سەرجەم کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. پەرلەمانی کوردستانیش لە زووترین کات دەست بە کۆبوونەوەکانی بکاتەوە و پاڵپشتیی ریفراندۆم و ژیان و گوزەران و مووچەی خەڵکی کوردستان و چارەنووسی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پێشینەی بەرنامەی کاردا بێت و، هەموومان بە یەکەوە لەم ماوە کورتەی لە بەردەستمان ماوە، بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بکەینە ئامانج و بە یەکەوەش خۆمان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێم ئامادە بکەین.

دڵنیاین لە سایەی یەکڕێزی و یەکبوونی نێو ماڵی کوردستان ئاسۆیەکی رووناک و پڕشنگدار چاوەڕوانمانە.
kdp-
Top