کەولۆسی: وڵاتانی ناوچەکە تەمویلی بەرەی دژی ڕیفڕاندۆم دەکەن

 کەولۆسی: وڵاتانی ناوچەکە تەمویلی بەرەی دژی ڕیفڕاندۆم دەکەن
- چاودێرێکی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، چەند ڕووقایمن ئەوانەی بە پاڵپشتی و فیتی وڵاتانی ناوچەکە دژایەتیی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆییی کوردستان دەکەن و دەشڵێت، بەرگێکی جوانیان کردووەتە بەر کاڵاکانیان تا ڕەواجی ھەبێت لە نێو ھاووڵاتییاندا، ئەویش بڵاوکردنەوەی پڕۆپاگەندەی بێ بنەمای دژی ڕیفڕاندۆمە.

دوای دەستنیشاکردنی ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان لە ٢٥ی ئەیلوولی داھاتوودا، ژمارەیەک کەس و لایەن کەوتوونەتە بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لە نێو ھاووڵاتییاندا و چەند دەزگەیەکی ڕاگەیاندنیش بەکار دێنن.

( مەشخەڵ کەوڵۆسی)، چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەوانەی ناویان لە خۆیان ناوە بەرەی دژی ڕیفڕاندۆم، کەسانی ڕووقایمن، چونکە ئاشکرایە دوای گەڕانەوەیان لە وڵاتانی ھەرێمی، بەرەیان دژی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستان ڕاگەیاند، چەند ڕوویان قایمە بەرامبەر بە گەل و نیشتمانەکەیان بوەستنەوە و دژایەتیی خەباتی سەدان ساڵەی گەلەکەیان بکەن، ئەویش بە ھاوکاریی دوژمنانی کوردستان، چونکە بە ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم، گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا ڕوو دەدات، بێگومان وڵاتانی ناوچەکە بێئاگا و دەستەوەستان نابن لە بەرامبەر ئەو ھەنگاوە و تەمویلی بەرەی دژی ڕیفڕاندۆم دەکەن، بۆ ئەوەی سەرنەگرێت.''

(مەشخەڵ کەوڵۆسی) گۆتیشی: ''کەسانێک کە لە ڕاگەیاندن و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا پڕۆپاگەندە دژی ڕیفڕاندۆم بڵاو دەکەنەوە، مەبەستە ڕاستەقینەکەیان ئاشکرا ناکەن، کە چۆن و کێ لەپشتەوەیانە، بەڵکو بەرگێکی تریان کردوونەتە بەر تا کاڵاکانیان ڕەواجیان ھەبێت لە نێو خەڵکدا، ئەویش بە پڕۆپاگەندەکردن دژی ڕیفڕاندۆم، گوایە بە ھۆی ڕیفڕاندۆمەوە شەڕ دەبێت و گرانی پەیدا دەبێت، خەڵک دەترسێنن لەو ژیانەی ھەیانە، پێویستە ھاووڵاتییان لەو پیلانە ئاگادار بن و بە دوایان نەکەون، لەبەر ئەوەی ئەوانە بۆ مەرام و مەبەستی خۆیان ئەو کارە دەکەن و ھەندێ بەرژەوەندییان ھەیە لەو نێوەندەدا.''
kdp-
Top