کریستیانەکانی کوردستان: دەنگمان بۆ ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستانە
(سەباح تۆما)، پێشتر پسپۆڕی پەروەردە بووە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە وەک کریستیانەکانی کوردستان لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستانین، چونکە ئەو ئەمن و ئاسایشەی بۆ ئیمە دابین کراوە، لەو وڵاتە پێشکەتووەکانەش ھەر بەو شێوەیە، دواتر ئێمە وەک کریستیان تەنیا داواکاریی ئەوەمان ھەیە، مافەکانمان دابین بکرێت، ئەگەر مرۆڤ بە ویژدانەوە بڕیار بدات، ئەوە دیارە چی کراوە بۆ ئێمەی کریستیان، ڕۆژانە لەگەڵ خەڵکەکەمان لە ناحیەی عەنکاوە دانوستان دەکەین و ھەمووشیان بە (بەڵێ) دەنگ بۆ سەربەخۆییی کوردستان دەدەن، ئەوەش بەرھەمی ئەو گرنگیدانەی حکوومەت و خەڵکی کوردستانە بۆ پێکھاتەکان.''
دوای ساڵی ٢٠٠٤ تیرۆریستان لە ناوچەکانی عێراق پڕۆسەی لەنێوبردنی ھاووڵاتییانی کریستیانیان دەست پێ کرد و زۆرینەیان لە بەغدا و کەرکووک و مووسڵ ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون، لە چەندین بۆنەدا (سەرۆک بارزانی) دڵنیایی داوەتە پێکھاتەکان، کە ھەموو مافێکیان پارێزراوە لە کوردستان و جیاوازیی نێوان ھیچ پێکھاتە و ئایین و مەزھەبێک ناکرێت.
(ئەمیر گوگە)، چاودێری سیاسیی کریستیان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەگەر نەخشەی عێراق لە دوای پڕۆسەی ئازادی و پێش پڕۆسەی ئازادیی عێراق بێنینە بەرچاو ئەوە بۆمان دەردەکەوێت چی کراوە بۆ کریستیانەکان، تەنیا لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە کاتێک تیرۆر لە عێراق پەیدا بوو، شەش ھەزار ھاووڵاتیی کریستیان ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون، لەدوای ھێرشی تیرۆریستانی داعشیش زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار کریستیان پەنایان بۆ کوردستان ھێنا، تئێستا کریستیانی ئاوارە هەیە، ئامادە نییە بگەڕێتەوە شوێنی خۆی، لەبەر ئەو حورمەت و خزمەتەی ھەرێمی کوردستان پێشکەشی کردووە.''
(گوگە) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''جگە لە چەند دەنگێکی نەشازی دەشتی نەینەوا، کە سەر بە (نووری مالیکی) و دەست و داری حەشدی شەعبین، زۆرینەی ھەرەزۆری کریستیان لەگەڵ ڕیفڕاندۆمن و دەنگ بۆ سەربەخۆییی کوردستان دەدەن، گەلانی ئێمە ڕۆژە ڕەشەکانی ھاتنی داعشیان لەبەرچاوە، عێراق لە نێو داعشدا بەجێی ھێشتین و کوردستان داڵدەی داین، من دڵنیام ٩٠%ی کریستیانەکان دەنگ بۆ ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستان دەدەن.''
kdp-
