حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی کۆچێرا دەکات

 حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی کۆچێرا دەکات
ئەمڕۆ شەممە، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ کۆچی دوایی کریس کۆچێرا، ڕۆژنامەوان و فۆتۆگرافەری بەناوبانگی فەڕەنسی و دۆستی دێرینی گەلی کورد لە پەیامێکدا ھاوخەمیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ خانەواد و کەسوکار و دۆستانی دەربڕی.

ئەمڕۆ شەممە 5/8/2017 سەفین موحسن دزەیی، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ کۆچی دوایی کریس کۆچێرا، ڕۆژنامەوان و فۆتۆگرافەری بەناوبانگی فەڕەنسی و دۆستی دێرینی گەلی کورد، پەیامێکی ھاوخەمی دەربڕێ و تێدا ئەوەی خستووەتەڕوو: "لە ڕۆژانێکدا کە دەنگی گەلی کوردستان و شۆڕشەکەی بە جیھان نەدەگەیشت، ئەو یەکێک لەو دۆستانەی گەلی کوردستان بو،و کە دەنگی ڕەوایەتیی دۆزی کورد و مەزلومییەتی گەلی کوردستانی لە ڕێگەی نووسین و وتار و چاوپێکەوتنەکانییەوە بە دونیای دەرەوە دەگەیاند".

ئەمە دەقەکەیەتی:

بەبۆنەی کۆچی دوایی ڕۆژنامەوان و فۆتۆگرافەری ناوداری فەڕەنسا و دۆستی گەلی کورد کریس کۆچێراوە، پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی خانەوادە، کەسوکار و دۆستانی دەکەین و ھاوخەمیانین.

کریس کۆچێرا، کە دۆستێکی نزیکی گەلی کورد بوو، لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوولەوە تا ئێستا بەردەوام پشتگیریی شۆڕشی گەلی کوردستان و مافەکانی کردووە و بە درێژایی ئەو ساڵانە سەدان ڕاپۆرت و وتاری لەسەر دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان و مافە ڕەواکانی بڵاوکردووەتەوە. لە ڕۆژانێکدا کە دەنگی گەلی کوردستان و شۆڕشەکەی بە جیھان نەدەگەیشت، ئەو یەکێک لەو دۆستانەی گەلی کوردستان بو،و کە دەنگی ڕەوایەتیی دۆزی کورد و مەزلومییەتی گەلی کوردستانی لە ڕێگەی نووسین و وتار و چاوپێکەوتنەکانییەوە بە دونیای دەرەوە دەگەیاند. بە لەدەست دانی کۆچێرا، کوردستان دۆستێکی دڵسۆزی لەدەست دا.

دووبارە پرسە و سەرەخۆشی و ھاوخەمیی خۆمان بۆ خانەوادەی کۆچکردوو کریس کۆچێرا دەردەبڕین.

سەفین موحسن دزەیی
گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
5/8/2017









باسنيوز
Top