ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: گۆڕانیش نەیەتە پێشەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە پەرلەمان کارا دەکەینەوە
ئەکرەم ساڵح، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: "پەرلەمان ھەتا زووە کارا ببێتەوە، لە بەرژەوەندیی پرۆسەکەیە، پێشووتر گۆڕان ھەموو داخوازییان ئەوە بووە کە پەرلەمان کارا ببێتەوە، بارودۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە، پارتی بەمە رازی بووە و بەبێ مەرج پەرلەمان کارا ببێتەوە، لە بەرانبەردا لەبری ئەوەی بێنە پێشەوە، کەچی ھەر ڕۆژە و بە بیانوویەک پرۆسەکە دوا دەخەن".
ئەو سەرکردەیەی پارتی ڕاشی گەیاند: "وا دیارە ئەم پرسە پەیوەندیی بە دۆخی ناوخۆی خۆیانەوە ھەبێت و ھۆکارەکەی سیاسی نەبێت، یان بەرنامەیەک نەبێت بە زوویی بەدەم ئەو داواکارییەوە بێن، چونکە ئەگەر گۆڕان نەیەنە پێشەوە بۆ کاراکردنەی پەرلەمان، ئەوا لایەنە سیاسییەکانی بەشداربووی پەرلەمان لە بڕیاردان لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا دەبێت بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بەدوای چارەسەرێکی دیکەدا بگەڕێن، بەڵام ھێشتا بێ ھیوا نەبووین و پارتی لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی لە ھەوڵ دایە کە کۆدەنگی دروست بکات".
لە درێژەدا گوتیشی: "دەبێ گۆڕان لەوە تێبگات کە نەرمیی پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان سازشی سیاسی نییە، بەڵکوو ئەمە ھەوڵێکە بۆ بەرژەوەندیی نیشتمانی و ڕیفراندۆم بە کۆدەنگی بکرێت ھەتا بەرەو سەربەخۆیی بچین".
ئەکرەم ساڵح، ئەوەشی خستەڕوو: "پێداگریی یەکێتی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان، پەیوەندیی بە داواکاری گۆڕانەوە ھەبێت کە داوایان کرد پێش ڕیفراندۆم پەرلەمان کارا ببێتەوە، ھەرچەندە یەکێتی حزبێکی جیاوازە و بیروڕای خۆی ھەیە، بەڵام وەک ئەوەی پارتی ھیچ مەرجێکی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان نەھێشت و گۆڕان نەھاتە پێشەوە، بەرپرسایەتیی یەکێتییە لە بەرانبەر ئەو پرسەدا ھەڵوێستی خۆی یەکلا بکاتەوە".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی دەشڵێت: "لەگەڵ یەکێتی باسی پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان کراوە لە ئەگەری نەھاتنە پێشەوەی گۆڕان، لە دوا کۆبوونەوەی لێژنەی ڕیفراندۆمیش داوا کراوە پێش ١٥ی مانگ پەرلەمان کارا ببێتەوە، بەو ھیوایەین پێش ئەوکاتە کارا ببێتەوە، ئەگەر لایەنێک نەھاتە پێش لایەنەکانی دیکە ڕێوشوێنی دیکە بگرنەبەر".
ئەکرەم ساڵح، لەبارەی دەنگۆی دواخستنی ڕیفراندۆمیش رای گەیاند: "ڕیفراندۆم دوا ناخرێت و لە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکاندا جەخت لەوە کراوەتەوە کەلە کاتی خۆیدا ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت".
لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، بڕیار درا پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی دوو هەفتەدا کارا بکرێتەوە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش ڕای گەیاند کە بە کاراکردنەوەی بێ مەرجی پەرلەمانی کوردستان ڕازییە، بەڵام تاوەکوو ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی و کاراکردنەوەی پەرلەمان نەداوە، هەرچەندە چاودێران باس لە هێوربوونەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان پارتی و گۆڕان دەکەن.
باسنیوز
