عەبادی لەبارەی حەشدی شەعبییەوە ناڕاستەوخۆ وەڵامی سەدر دەداتەوە

عەبادی لەبارەی حەشدی شەعبییەوە ناڕاستەوخۆ وەڵامی سەدر دەداتەوە
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتارێکدا باسی ”هەڵوەشانەوە“ی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەکات و ناڕاستەوخۆ وەڵامی رێبەری رەوتی سەدر دەداتەوە.

رۆژی شەممە 5\8\2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە وتارێکدا لە کۆنگرەی ”فەتوای جیهاد و سەرکەوتن“دا رایگەیاند، حەشدی شەعبی فەرمان لە مەرجەعیەتی شیعە و فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق وەردەگرێت.

حەیدەر عەبادی ناڕاستەوخۆ وەڵامی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدری دایەوە و رایگەیاند، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەڵناوەشێنرێنەوە، ”ئەوان بەشێکن لە سوپای عێراق و پێویستە چاودێریی کەسوکاری شەهیدەکانیان بکەین“.

رۆژی هەینی 4\8\2017، موقتەدا سەدر لە وتارێکدا بۆ خۆپێشاندەرانی رەوتەکەی لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا، رایگەیاند، پێویستە سنوورێک بۆ حەشدی شەعبی دابنرێت و ئەو میلیشیایانە هەڵبووەشێندرێنەوە و بخرێنە سەر سوپای عێراق.

لە دوای ھێرشی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ عێراق لە ساڵی 2014، حەشدی شەعبی بە فەتوای عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دامەزرا.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.













باسنيوز
Top