ڕانیە.. ئافرەتێک کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنا
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین، ڕایگەیاند: "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 5/8/2017، ئاگادار کراینەوە، کە لە گوندی (سپیاو) سەر بە شارەدێی سەرکەپکانی سنووری شاری ڕانیە، ئافرەتێکی تەمەن 42 ساڵ، بەناوی (ح.م.ا) لە ماڵەکەی خۆیدا، بە پەت خۆی ھەڵواسیوی و گیانی لەدەست داوە".
گوتیشی: "دوای گەیشتنی ھێزەکانمان بۆ شوێنی ڕووداوەکە، ڕێکاری یاسایی گیرایە بەر، بۆ زانینی ھۆکاری ڕاستەقینەی مردنەکەشی، تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی سلێمانی، کرا".
شۆڕش ئیسماعیل ئاماژەی بەوەش کرد: "بە گوێرەی ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری، ئەو ئافرەتە نەخۆشیی دەروونی ھەبووە، ئێستاش دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە".
لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، خۆخنکاندنی ئەم ئافرەتە، دووەمین حاڵەتی خۆخنکاندنە لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین تۆمار بکرێت.
شارەزایانی بواری دەروونناسی جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ئەو کەسانەی خۆیان دەکوژن، یان ھەوڵی خۆکوشتن دەدەن، باری دەروونییان جێگیر نییە و ناتوانن لە واقیعدا ڕووبەڕووی کێشەکان ببنەوە.
باسنیوز
