نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا: دوو ھەزار چەکداریی داعش لە ڕەققە ماون

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا: دوو ھەزار چەکداریی داعش لە ڕەققە ماون
برێت مەکگۆرک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت بەپێی خەمڵاندنەکان نزیکەی دوو ھەزار، چەکداریی داعش لەناوی شاری ڕەققەی سوریا ماون.

مەکگۆرک دوێنی بە رۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند لەدەستپێکی ئۆپەراسیۆنی ڕەققەوە، لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، ھێزەکانی سوریای دیموکرات نزیکەی لەسەدا ٤٥ی ئەو شارەیان ڕزگاکردووە.

وتیشی، چەکدارانی داعش شەڕی مان و نەمان دەکەن و نزیکەی ٢٠٠٠ چەکداری داعش لەناو شارەکەدا ماون و زۆر پێدەچێت "لەناو ڕەققەدا بمرن".

ڕونیشیکردەوە، کە داعش لەعێراق و سوریا ٧٠ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەی لەدەستداوە، بەجۆرێک لەسەدا ٧٨ی خاکەکانی ژێر دەستی لە عێراق، و لەسەدا ٥٨ی ناوچەکانی ژێر دەستی لە سوریا لەدەستداوە.

ئەوەشی خستەڕوو، کە ھاوپەیمانان داتا بەیسێکیان کۆکردووەتەوە، و کە زیاتر لە ١٩ھەزار ناوی چەکدارانی داعش-ی تێدایە. ناوەکان لە مۆبایل و دەفتەری تەلەفۆنات و بەڵگەنامەی دیکەیە کەلەمەیدانی شەڕدا دەستیان بەسەرداگیراوە، کۆکراوەتەوە، و ناوەکان دەدڕێن بە پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆڵ).

ئاماژەشیکرد بەوەی رێککەوتنەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا سەبارەت بە ناوچەی داماڵراو لەشەڕ بەباشی کاردەکات و وایکردووە نەھێڵرێت ڕووداو کارەسات ڕووبدات.








خەندان
Top