سلێمانی.. ھاووڵاتییەک لەسەر باڵەخانەیەک کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەست دا
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ھەینی 4/8/2017، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)دا بڵاو کردەوە، تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە ھاووڵاتییەک، کە پیشەی کرێکار بووە، لە پرۆژەی (شاری دایک)، لە شاری سلێمانی، لەسەر باڵەخانەیەکی پرۆژەکە کەوتووەتە خوارەوە، بەو ھۆیەشەوە، گیانی لەدەست داوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، کە ھاووڵاتییەکە ناوی (ر، ئ، ق)ە، دانیشووی قەزای (سەیدسادق)ە و لەدایکبووی ساڵی 1989یە و بۆ کارکردن چووبووە سلێمانی .
پۆلیسی سلێمانی ڕوونیشی کردووەتەوە: "ھەرچەندە ئەمڕۆ پشووە، بەڵام ئەو کرێکارە لە پرۆژەکە ماوەتەوە، کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ، لە باڵەخانەیەکی پرۆژەکە کەوتووەتە خوارەوە و گیانی لەدەست داوە".
ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە دوای گەیشتنی ھێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادوەری لە شاری سلێمانی کراوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە.
باسنيوز
