لیستی برایەتی و پێکەوە ژیان لە کەرکووک: رێککەوتنی ناردنی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران ڕەت دەکەینەوە
محەمەد کەمال، سەرۆکی لیستی برایەتی و پێکەوە ژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، بە ھەموو شێوەیەک ڕێککەوتنی ناردنی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران لە نێوان ھەردوو حکوومەتی عێراق و ئێران ڕەت دەکەنەوە، چونکە ”کەرکووک شارێکی کوردستانییە و ڕێگە نادەین نەوتەکەی بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی ئێران بکرێت".
محەمەد کەمال هەروەها رایگەیاند، ئەو نەوتەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کەرکووکەوە هەناردەی دەرەوەی دەکات، لە بەرامبەردا مانگانە بڕی بودجەی پترۆ دۆلاری شارەکە دەنێرێت کە 10 ملیۆن دۆلارە و بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە کەرکووک سوود لەو بودجەیە دەبینرێت.
سەرۆکی لیستی برایەتی و پێکەوە ژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ئاماژەکردن بەوەی ماوەی سێ ساڵە حکوومەی عێراق ماوەی سێ ساڵە حکوومەتی عێراق بەشە بودجەی کەرکووکی نەناردووە، رایگەیاند، ھەرچی ئەو نەوتەی حکوومەتی عێراق لە کەرکوکەوە ھەناردەی دەرەوەی دەکات، ”سوودی بۆ شارەکە نییە".
پێشتر عەبدولجەبار لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد و وەک میدیا عێراقییەکانیش بڵاویان کردەوە، لعێبی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران گفتوگۆ لەبارەی ناردنی نەوتی کەرکووک بۆ پاڵاوگەکانی کرماشان و تەبرێز دەکات، تاوەکو دوای پاڵاوتنی نەوتەکە، بەرهەمەکانی بگەڕێندرێتەوە عێراق.
bas news -
