نوێترین زانیاری لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 6ی فەرمانبەران

نوێترین زانیاری لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 6ی فەرمانبەران
دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 5ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی دابەشکردنی مووچەی مانگی 6 ڕادەگەیەنێت.



بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەست (باسنیوز) کەوتووە، پاش ئەوەی لە هەفتەی داهاتوودا کە ڕۆژانی یەکشەممە تا چوارشەممە 6 تا 8/8/2017 مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە و خانەنشینانی شارستانی دابەش دەکرێت، هەر لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا، لیستی مووچەی مانگی 6ی وەزارەتی پێشمەرگە بە مەبەستی کاری وردبینی، ڕەوانەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.



بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، دابەشکردنی مووچەی مانگی 6ی فەرمانبەران بە هەمان لیست و سیستەمی پاشەکەوتی مانگەکانی پێشوو ڕادەگەیەندرێت و هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، سەرەتا وەزارەتی پێشمەرگە و دامەزراوە سەربازییەکان و هێزەکانی ئاسایش مووچەیان پێ دەدرێت.



پێشتر سەمیر ھەورامی، گوتەبێژی سیستمی بایۆمەتریی مووچە لە ئەنجومەنی وەزیران، لە گفتوگۆیەکی تایبەتیی هەفتەنامەی (باس)دا، ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە لە مانگی 9ی داهاتووەوە، بەپێی سیستەمی بایۆمەتری مووچەی فەرمانبەران دابەش دەکرێت و جەختیشی لەوە کردبووەوە کە دەبێت وەزارەت و دامەزراوەکان لەو مانگەدا لیستی مووچە بەپێی سیستەمی بایۆمەتری بۆ گەنجینەکان بنێرن.
bas news -
Top