بارزانی: ھیچ گەلێک ناگاتە ئامانجەکانی ئەگەر خۆی داوای نەکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3/8/2017، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە پیرمام لەگەڵ کۆمەڵێک لە سەرنووسەرانی چەند رۆژنامەیەکی کوێتی کۆبوویەوە و ڕایگەیاند: "نابێ وڵاتانی دەوروبەرمان ترسیان لە ڕیفراندۆمی گەلی کوردستان ھەبێت چونکە بە درێژایی ٢٦ساڵی ڕابردوو ھەرێمی کوردستان سەلماندوویەتی کە ھۆکاری سەقامگیرییە لەناوچەکەدا".
لە دیدارەکەدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە درێژی باسی ئەو ھۆکارانەی کرد کە بوونەتە ھۆی ئەوەی گەلی کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بدات و لەوبارەیەوە ئاماژەی بە دوو قۆناخ لە مێژووی پەیوەندیی گەلی کوردستان و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق دا، قۆناغی یەکەمیان لە ١٩٢٠ تا ٢٠٠٣ و قۆناغی دووەمیش لە ٢٠٠٣ـوە تا ئەمڕۆ.
بارزانی ڕایگەیاند: "لە ھەردوو قۆناخەکەدا بڕیار بوو ئێمە ھاوبەش بین، بەڵام پشکی ئێمە لەو ھاوبەشییەدا ئەوە بوو، کە ٤٥٠٠ گوندی ئێمەیان وێران کرد، ١٨٢ ھەزار کەسی ئێمەیان ئەنفال کرد کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، کیمیابارانی ھەڵەبجە تا زاخۆ، ١٢ ھەزار گەنجی فەیلی لە تەمەنی ١٨ تا ٣٠ ساڵی و 8 ھەزار بارزانی، لە ھەردوو قۆناغدا ئێمە وەک خەڵکی کوردستان، بەڵام سەرەڕای ئەو ھەموو کارەساتە، ئێمە ئامادەبووین بچینەوە بەغدا و لاپەڕەیەکی نوێ ھەڵدەینەوە و بەیەکەوە بە برایەتی و دیموکراتی بژین، بەڵام ئەوان ئێمەیان وەک ھاوبەش قبووڵ نەبوو".
بارزانی ئاماژەی بە قۆناخی دوای ٢٠٠٣ کرد و گوتی: "لە قۆناغی دووەمیشدا ئێمە وەک خەڵکی کوردستان رۆڵێکی سەرەکیمان لە داڕشتن و پەسندکردنی دەستووری نوێدا بینی، بەڵام ئەوان دەستووریان پێشێل کرد و دواتریش بە نانبڕینی خەڵکی کوردستان تاوانێکی گەوەرەیان ئەنجام دا، کەچی ئێستا دێن باسی دەستوور دەکەن و دەڵێن ڕیفراندۆمی کوردستان پێچەوانەی دەستوورە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەو دەستوورەی ئەوان پێشێلیان کرد، ھەر ئەو دەستوورە ڕێگەی بە خەڵکی کوردستان داوە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستە ڕوو: "ھیچ گەلێک ناگاتە ئامانجەکانی ئەگەر خۆی داوای نەکات، ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش بڕیاری گەلی کوردستانە و گەل لە سەرووی حزبەکانەوەیە و لە ژێر ھیچ گوشارێکیشدا دەستبەرداری ئەو مافەی خۆی نابێت و لەو بڕیارە پاشەکشێ ناکات".
ھاوکات، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەزموونی ڕابردوومان سەلماندوویەتی کە حکوومەتەکانی عێراق گەلی کوردستانیان وەک ھاوبەش قبوڵ نییە و گەلی کوردستانیش ژێردەستەیی و پاشکۆیەتی قبوڵ نییە. ئێستا کە شەراکەتی ڕاستەقینە دروست نەکرا، با ببینە دوو دراوسێی باش و ڕێگە لە دروستبوونی کێشەی گەورەتر بگرین، لەوبارەیەوە بارزانی تەئکیدی کردەوە کە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم مەترسی و کێشە نییە، بەڵکوو مانەوەی ئەم دۆخە مایەی مەترسییە و ڕیفراندۆمیش بۆ پاراستنی گەلەکەمانە لە دووبارەبوونەوەی کارەسات و نەھامەتی لە داھاتوودا.
سەبارەت بە نیگەرانیی ھەندێ لە دەوڵەتانی ناوچەکەیش، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "نابێ وڵاتانی دەوروبەرمان ترسیان لە ڕیفراندۆمی گەلی کوردستان ھەبێت، چونکە بە درێژایی ٢٦ساڵی ڕابردوو ھەرێمی کوردستان سەلماندوویەتی کە ھۆکاری سەقامگیرییە لەناوچەکەدا و دوای ڕیفراندۆمیش پەیوەندیی ئابووری و سیاسییمان لەگەڵیان بەھێزتر دەبێت".
bas news -
