"ئەو عەرەبانەی بەهۆی تەعریبەوە هاتوونەتە کەرکووک بۆیان نییە بەشداری ریفراندۆم بکەن"

ئەنجومەنی پارێزگاری کەرکووک کار بۆ ئەوە دەکات کە هەر عەرەبێک بە هۆی تەعریبەوە هاتبێتە کەرکووک بۆی نییە دەنگ بە ڕیفراندۆم بدات و ڕێوشوێنی پێویستیش بۆ ئەم مەبەسەتە دەگرنەبەر.

(ڕێبوار تاڵەبانی)، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئاشکرای کرد: ''ھەر ھاووڵاتییەکی کەرکووک بە ھۆی سیاسەتی تەعریبەوە ھاتبێتە شارەکە، مافی ئەوەی نابێت بەشداریی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆییی کوردستان بکات و ھەموو ڕێوشوێنێک بۆ ئەم مەبەستە دەگرینەبەر، چونکە ئێمە کار بە ئاماری ساڵی ١٩٥٧ی حکوومەتی ئەوکاتی عێراق دەکەین. لە ماوەی ٣٥ ساڵی دەسەڵاتی بەعسدا، ھەموو ئەو عەرەبانەی لە چوارچێوەی سیاسەتی بەعەرەبکردنی پارێزگای کەرکووکدا ھاتوونەتە کەرکووک مافی ئەوەیان نابێت بەشداری لە ڕیفڕاندۆمدا بکەن.''

لە چەند قۆناغێدا حکوومەتەکانی عێراق بە سەدان ھەزار ھاووڵاتیی عەرەبی پارێزگاکانی دیکەی عێراقیان ھێناوەتە شاری کەرکووک بە مەبەستی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە و دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقیش بەشێکی زۆریان قەرەبوو کراونەتەوە، تا بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، بەڵام حکوومەتی عێراق خەمساردی دەکات لەوەی بیانگەڕێنێتەوە.


(جوان حەسەن)، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بۆ ئەوەی مافی خەڵکی ڕەسەنی کەرکووک نەفەوتێت، ئێمە لە ھەموو پرسێکی سیاسی و یاساییدا کار بە ئاماری ساڵی ١٩٥٧ دەکەین و نابێت ئەوانەی بە ھۆی سیاسەتی تەعریبەوە ھاتوونەتە کەرکووک بەشداریی ھیچ پڕۆسەیەکی ھەڵبژاردن و ڕیفڕاندۆم بکەن. بەداخەوە بەشێک لەوانە بە پارەی ماددەی ١٤٠ قەرەبوو کراونەتەوە و نەک نەگەڕاونەتەوە ئەو شوێنەی لێوەی ھاتوون، بەپێچەوانەوە لە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا دەنگیان داوە، ئەوەش پێچەوانەی یاسایە، چونکە ماددەی ١٤٠ تەواوکەری ئاماری ساڵی ٥٧ـە و ھەر کەسێک دوای ئەو ڕێکەوتە ھاتبێتە کەرکووک بۆ تەعریب ھاتووە.''

(جوان حەسەن) گوتیشی: ''ئێمە گلەییی ئەوەمان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، پێویستە ھەماھەنگی لەگەڵ ئیدارە و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بکرێت بۆ ئەوەی میکانزمێک ببینەوە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکە و چۆنییەتی بەشداریی خەڵکی کەرکووک لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمدا، ھەرچەندە پارێزگاری کەرکووک (د.نەجمەدین کەریم)، ئەندامی لیژنەی باڵای ڕیفڕاندۆمیشە، بەڵام ھەندێ پرس ھەیە، پێویستە بۆ ئەنجومەنیش بگەڕێنەوە، پێم وایە بە پێی یاسا ئەو عەرەبانەی تەعریب مافی دەنگدانیان نییە.''

kdp _
Top