ئێزدییەکان؛ کوردستان پشت و پەنامانە
لە مانگی حوزەیرانی 2014دا و لە سەردەمی سەرۆکوەزیریی (نووری مالیکی)دا، دوای هەرەسهێنان و شکستی سوپای عێراق، نیزیکەی نیوەی خاکی عێراق، (شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار) لە لایەن چەکدارانی ڕێکخراوی توندڕەوی داعشەوە داگیر کران، دواتر ڕۆژی ٣\٨\٢٠١٤ داعش هێرشی کردە سەر شنگال و لە ئەنجامدا هەزاران کەسی شەهید کرد و هەزارانیشی زیندانی کرد و لە ئەنجامی ئەو هێرشەی داعشدا سەدان هەزار ئێزدی ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان بوون و ڕووەو سنووری ئیدارەی هەرێمی کوردستان ڕایان کرد، دواتر داعش شنگالی داگیر کرد، دوای دووساڵ لە داگیرکردنی، بە سەرپەرشتیی (سەرۆک بارزانی) توانرا شەوی ١١ لەسەر ١٢ی تشرینی دووەم شنگال ئازاد بکرێتەوە، ئەمساڵ جیا لە ساڵەکانی دیکە، هەرێمی کوردستان لەبەردەم پرۆسەی ڕیفراندۆمدایە، شنگالییەکان پێیان وایە بە چوونە بەردەم سندووق و دەنگدان بە (بەڵێ) بۆ سەربەخۆییی کوردستان، برینەکان ساریژ دەبنەوە. (مەحما خەلیل)، قایمقامی شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''کوردانی ئێزدی بە دەستی چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و ڕژێمەکانی پێشووی عێراق ڕووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە، بۆیە ئێستا هەوڵی تەواو دەدرێت ئەو کەیسە لەسەر بەجینۆسایدناساندنی، سەرکەوێت و ئاستەنگەکان نەهێڵێت.''
(مەحما خەلیل) پێی وایە: ''تەنیا ڕێگا بۆ چارەسەرکردنی برینی دڵی کوردانی ئێزدی، گەڕانەوەی شاری شنگال بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ئازادکردنەوەی گوندەکانی ناوچەکەیە؛ خانەسۆر، سیبا شێخ خدر، گرعوزێر و کۆچۆ، کە لەژێر دەسەڵاتی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیدان.''
قایمقامی شنگال داوای لە پەکەکە کرد، کە ئەو گوندانەی چەکدارەکانیان دەستیان بەسەردا گرتووە، بگێڕنەوە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی شنگال.
هاوکات، (ماجید شنگالی)، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: ”داعش لە چوار لاوە ھێرشی کردە سەر شنگال، لە ئەنجامی ھێرشەکەدا سەدان ھەزار کەس ئاوارە بوون و ھەزارانیش کەوتنە بەردەستی داعش، ھێرشی سەر شنگال بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کوردستانیبوون بوو، دەیانویست لەو ڕێگایەوە ناسنامەی کوردستانی لە شنگال بسڕنەوە.''
(ماجید شنگالی) ئەوەشی ڕوون کردەوە: ''دوای داگیرکردنی شنگال، داعش هێرشی کردە سەر کەرکووک و ناوچەکانی دیکە، چونکە لەلایەن داعشەوە نییەتی لەناوبردنی کورد هەبوو، بۆیە ئێزدییەکان و شنگال بوونە قوربانی، بەڵام خەبات و تێکۆشان و قارەمانەتیی پێشمەرگە بە جارێک داعشی ڕاماڵی، بۆیە دەبینین ئێستا نەک لە شنگال، لە ئاستی جیھاندا داعش بەدەست پێشمەرگەوە ڕیسوا بوو، خەریکە بەرەو نەمان دەڕوات.''
ئەو پەرلەمانتارە کوردەی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو: ''لە بەغداوە عەقڵییەتێکی وا ھەیە کە ھێشتا ئەو ناوچانەی کوردستانین، بە چاوی بێگانە تەماشایان دەکرێت و ھیچ کارێک بۆ شنگال نەکراوە و ئەوەی کراوە، تەنیا لە ھەرێمی کوردستانەوە بووە، بەتایبەتیش بۆ ئەوەی کەیسی کوردانی ئێزدی و پرسی ئێزدییەکان بە جیھان بناسێنرێت.''
دواتر (ڤیان دەخیل)، نوێنەری ئێزدییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''حکوومەتی عێراق کەمتەرخەم بووە بەرامبەر بە کەیسی کوردانی ئێزدی و ئازادکردنی کچە ڕفێندراوەکان.''
(ڤیان دەخیل) لە ساڵوەگەڕی داگیرکردنی شنگال و کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدیدا ڕایگەیاند: ''هۆکاری داگیرکرانی شنگال شکانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق بوو.''
ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئێزدییە جەختی لەوە کردەوە، کە ئێزدییەکان بە هۆی ناسنامەی ئایینی و نەتەوەییی (کوردبوون)یانەوە دەیان جار هەوڵی جینۆسایدکردنیان دراوە
.
ناوبرا و داوایشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بە دەنگ داواکاریی کوردانی ئێزدییەوە بچن و کەیسی کۆمەڵکوژکردنیان بە جینۆساید بناسن و هەوڵ بۆ ئازادکردنی ئیزدییە ڕفێندراوەکان بدەن.
ئەمڕۆ سێیەم ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژی (جینۆساید)ی کوردانی ئێزدییە، کە لەسەر دەستی چەکدارانی ڕێکخراوی توندڕەوی داعش ئەنجام درا. ھەروەک کوردانی ئێزدی ڕایدەگەیەنن، ئەو ھێرش و کوشتوبڕەی ئێزدییەکان، کوشتوبڕی ژمارە 72 بوو، کە بە درێژایی مێژوو بەسەر ئێزدییەکاندا ھاتووە و ئەوان بە فەرمانی 72 ناوی دەنێن. ڕۆژی 10ی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆکوەزیریی پێشووی عێراق (نووری مالیکی)دا، چەکدارانی داعش لە خاکی سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و شکستیان بە سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پارێزگای نەینەوا ھێنا و شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای نەینەوایان داگیر کرد.
kdp _
