ئاسایشی شنگال: هێرشکردنە سەر دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کەس قبوڵ ناکەین
ئاشتی کۆچەر، بەڕێوەبەری ئاسایشی شنگال بە (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، ئەگەر چەکدارانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) مەبەستیان خەباتە، ئەوا ”سنووریان دیارە و دەتوانن بچنە ناو سنووری خۆیان خەبات بکەن“.
ئاشتی کۆچەر هەروەها رایگەیاندووە، چەندین جارە چەکدارانی سەر بە پەکەکە لە شنگال ”پیلان“ دەگێڕن و داواشی لەو چەکدارانە کرد، کە ”شاری شنگال بەجێ بهێڵن“.
بەڕێوەبەری ئاسایشی شنگال هێرشکردنە سەر دەزگای خێرخوازیی بارزانی ”لە هیچ کەس قبوڵ ناکەین“، چونکە ئەو دەزگایە ”لە ھەر شوێنێك خەڵك لێی بقەومێت ئەوان بە ھانایانەوە دەچن“.
رۆژی پێنجشەممە 3\8\2017 و لە ساڵوەگەڕی داگیرکردنی شنگال و کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدیدا، هێزێکی سەر بە پەکەکە هێرشی کردە سەر دەزگای خێرخوازیی بارزانی.
دوای رزگارکردنەوەی شاری شنگال لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە، کە لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رزگار کرایەوە، چەکدارانی سەر بە پەکەکە لە سنووری شارەکە جێگیر بوون.
باسنيوز
