محەمەدی حاجی مەحموود: پێموانییە کەس لەسەر سندووق دەنگ بە ژێردەستەیی بەغدا بدات

 محەمەدی حاجی مەحموود: پێموانییە کەس لەسەر سندووق دەنگ بە ژێردەستەیی بەغدا بدات
سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد کە دۆزی گەلی کوردستان لە سێ ساڵی ڕابردوودا زۆر چووەتە پێشەوە و ئەو وڵاتانەی دەڵێن کاتی ڕیفراندۆم نییە، با ڕۆژێک بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ گەلی کوردستان دیاری بکەن.



محەمەدی حاجی مەحموود، لە میانی بەشداریکردنی لە مەراسیمێکدا، ڕای گەیاند: ”باوەڕ ناکەم هیچ وڵاتێک لە دژی ریفراندۆم بووبێ، بەڵکوو باسی کاتەکەی دەکەن، بەڵام ئەوانەی کە دەڵێن کاتی نییە، با بێن کاتێکمان بۆ دیاری بکەن، ئەوکاتە ئێمەش لەگەڵیاندا دەبین، بەڵام ئەگەر کاتێک دیاری نەکەن، میللەتمان بڕیاری خۆی دەدات“.



جەختیشی لەوە کردەوە: ”پێموانییە کەسێک بڕواتە سەر سندووقەکان، بیر لەوە بکاتەوە کە دەنگ بۆ ژێردەستەیی و بەغدا بدات. ڕاستە ئێمە دووچاری قەیرانی ئابوری و هەندێک کێشەی سیاسی و زۆر کێشەی تر بووینەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوانەدا کورد لە مێژوی دوور و درێژیدا بەقەد ئێستا بەهێز نەبووە“.



ئەوەشی نەشاردەوە کە لە کاتی میرنشینەکانیشدا هەر میرنشینێک بە پشتیوانیی وڵاتێک هێرشی کردووەتە سەر میرنشینێکی دیکە، بەڵام لە مێژوو یەکەمجارە ئەو دەستکەوتە هەبێ کە ”لە خانەقین تا زاخۆ لە یەک سەنگەرین بەرامبەر بە داعش“. گوتیشی: ”لەو 3 ساڵەی شەڕی داعشدا، دۆزی میللەتەکەمان بە قەد 30 ساڵ پێشکەوتووە. بۆیە هیوادارین خەڵکی کوردستان پێش هەموو شتێک یەکڕیزی و یەکدەنگیی هێزە سیاسییەکان بپارێزیت“.



محەمەدی حاجی مەحموود ئەوەی ئاشکرا کرد: ”ئەو کێشانەی لە کوردستان هەیە لەسەر خەڵک نییە، هیچ حزبێک نەهاتووە پڕۆژەیەک پێشکەش بکات بڵێت شارەکانی کوردستان دەکەم بە میترۆ و لایەک ڕێگەی لێ بگرێ، نیشتەجێبوون نایەڵم و لایەک ڕێگەی لێ بگرێ، لەسەر ئەو کێشانە نەبووە“.



باسنیوز
Top