مووچەی مانگی 6ی فەرمانبەران دابەش دەكرێت و لە مانگی 9ی داهاتووەوە، بەپێی سیستەمی بایۆمەتری مووچەی فەرمانبەران دابەش دەکرێت
بەپێی ئەو زانیارییەكان، پاش ئەوەی لە هەفتەی داهاتوودا کە ڕۆژانی یەکشەممە تا چوارشەممە 6 تا 8/8/2017 مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە و خانەنشینانی شارستانی دابەش دەکرێت، هەر لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا، لیستی مووچەی مانگی 6ی وەزارەتی پێشمەرگە بە مەبەستی کاری وردبینی، ڕەوانەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
هەر بەپێی زانیارییەکان، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، دابەشکردنی مووچەی مانگی 6ی فەرمانبەران بە هەمان لیست و سیستەمی پاشەکەوتی مانگەکانی پێشوو ڕادەگەیەندرێت و هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، سەرەتا وەزارەتی پێشمەرگە و دامەزراوە سەربازییەکان و هێزەکانی ئاسایش مووچەیان پێ دەدرێت.
پێشتر سەمیر ھەورامی، گوتەبێژی سیستمی بایۆمەتریی مووچە لە ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاندبوو، ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە لە مانگی 9ی داهاتووەوە، بەپێی سیستەمی بایۆمەتری مووچەی فەرمانبەران دابەش دەکرێت و جەختیشی لەوە کردبووەوە کە دەبێت وەزارەت و دامەزراوەکان لەو مانگەدا لیستی مووچە بەپێی سیستەمی بایۆمەتری بۆ گەنجینەکان بنێرن.
باسنیوز
