سەركردەیەكی پارتی: کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان نزیک بووەتەوە

سەركردەیەكی پارتی: کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان نزیک بووەتەوە



ئەندامێكى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان رایگەیاند کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان نزیک بووەتەوە. لە دوای ریفراندۆمیش دەست بە هەنگاوی دیپلۆماسی دەكەن بەرەو سەربەخۆیی.


دلشاد شەهاب ئەندامی سەرکردایەتیى پارتى دووپاتی كردەوە ئێستە ئەوان چاوەڕوانى وەڵامى بزووتنەوەى گۆڕان دەکەن. گوتیشی "نەرمى نواندن و بە دەنگەوە هاتنێکى باش هەیە بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان، هەموو هەوڵێکمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەى لە ماوەى دوو هەفتەى داهاتوودا دۆخى پەرلەمان ئاسایی ببێتەوە".


دلشاد شەهاب لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى هەواڵی (ئانادۆڵو)ی توركی گوتى "بۆ تاوتوێکردنى پرسى ریفراندۆمى سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان شاندێکى باڵاى هەرێمى کوردستان بە سەردانێکى فەرمى دەچێتە بەغدا و لەگەڵ بڕیار بەدەستدانى بەغدا کۆدەبنەوە، هەروەها گفتوگۆ لەسەر چەندین خاڵى هاوبەشى نێوان هەردوولا دەکرێ. ئەو شاندەى دەچێتە بەغدا ئەگەر لە هەموو لایەنە سیاسییەکانى هەرێمیش پێکنێت، بەڵام بە پێى رێککەوتنى نێوانمان بێت لایەنەکانى بەشدار لە شاندەکە نوێنەرانى هەموو لایەنە سیاسییەکانى هەرێم دەکەن".


گوتیشى "تەوەرى سەرەکى گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغدا لەسەر ئەنجامدانى ریفراندۆمە، دواتر تیشک دەخەینە سەر خاڵە هاوبەشەکانى نێوانمان، چونکە ئەگەر هەرێمى کوردستان دواى ریفراندۆم، سەربەخۆییش رابگەیەنێت، پەرە بەو خاڵە هاوبەشانە دەدات کە لە بەرژەوەندى هەردوولاماندایە و وەک دوو وڵاتى دراوسێ درێژە بە پەیوەندییەکانمان دەدەین".


لەبارەى قۆناخى دواى ریفراندۆمیشەوە دلشاد شەهاب گوتی "چاوەڕوان دەکەین خەڵکى ئێمە لە ریفراندۆم بە بەڵێ دەنگ بدات، دواتر هەنگاونانێکى دیپلۆماسى دەست پێدەکەین، یەکەمجار لەگەڵ عێراق وەک وڵاتێک کە لە رابردوو شەریک بووین و ئینجا هەموو وڵاتانى دراوسێ دڵنیا دەکەینەوە لەوەى هەبوونى دەوڵەتى کوردستان لەم ناوچەیەدا نابێتە هۆى دروستبوونی هیچ جۆرە ئاڵۆزی و ناسەقامگیرییەک لەسەر وڵاتانى دراوسێ، بۆیە هیوادارین ئەم پەیامەمان بە دۆستان و دراوسێکانى هەرێمى کوردستان بگات، ماوەى ٢٠ ساڵە حوکمڕانى نیمچە سەربەخۆ لە هەرێم بەڕێوە دەبەین و هەموو دەسەڵاتێکمان بەسەر هەرێمى کوردستاندا هەبووە و لە ئەنجامیشدا بووینەتە هۆکارى ئارامى و سەقامگیرى بۆ خۆمان و هەروەها بۆ وڵاتانى دراوسێمان".

BAS NEWS-
Top